Hawkar Yaseen
06 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند کە بۆ چاودێریکردن و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروباری دەروازە سنوورییەکان لە سبەینێوە سەردانی سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لەمبارەیەوە سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بڕیارمانداوە سەردانی سەرجەم خاڵە سنوورییەکان بکەین، وەک ئەرکێکی پیشەیی خۆمان هەوڵ دەدەین بەوردی بەرچاوڕوونیمان هەبێت لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارە کارگێڕییەکان لە هەموو خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان".
زیاد جەبار گوتیشی: "لە رابردوودا لیژنەکەمان راپۆرتێکی وردی ئامادەکردبوو، وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هاتنە پەرلەمان راپۆرتەکەمان پێشکەش کردن و لەنێویدا چەندین تێبینی و سەرنج ئامادەکرابوو، هەروەها چەندین راسپاردەمان ئامادەکردبوو کە حکوومەت کاری لەسەر بکات، بۆ ئەم مەبەستە و درێژەدان بە کارەکانمان ئێمە بڕیارمانداوە لە سبەینێوە سەردانی یەکە بەیەکەی خاڵە سنوورییەکان بکەین وردەکاری بکەین لە چاودێریکردنی سنوورەکان، پاشان راپۆرتێکی ورد ئامادە دەکەین لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و ئەو سەرنج و تێبینیانەی لامان دروست دەبێت دەیدەین بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار راشیگەیاند "ئەو پێشنیازانەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان دەمان بێت یان ئەوەی کە لە رابردوو گوتومانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چاکسازی بکات لە سەرچاوەکانی داهات، هەمووی لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ دەدەین، راگەیاندنەکان و رای گشتیش لە ئەنجامی سەردان و گەڕانەکانمان ئاگادار دەکەینەوە".
زیاد جەبار گوتیشی: "ئەو سەردان و گەڕانانەمان بریتی دەبێت لە بەرچاوڕوونی لە جێبەجێکردنی چاکسازی و هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2020ی تایبەت بە چاکسازی دارایی لە هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار هەروەها گوتی: "دوای کۆتایی هاتنی هەموو سەردان و بەدواداچوونەکانمان راپۆرتێکی گشتگیر ئامادە دەکەین و دەینێرین بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتریش حکوومەتی لێ ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوەی پەرلەمانی لەسەر دەکەین و حکوومەتیش بانگهێشتی کۆبوونەوەکە دەکەین".
زیاد جەبار سەبارەت بە یاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "رێکارە یاساییەکانی یاسای بوودجە بەو جۆرەیە کە حکوومەتی ناوەند پرۆژەی بوودجە ئامادە دەکات و دەینێرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، هەر کات لەوێ پەسەند کراو بوو بە یاسا ئەو کات پشکی هەرێمی کوردستانیش دیار دەبێت لە بەشە بوودجەی عێراق، ئێستا ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا سەرقاڵی ئامادەکاری پرۆژە یاساکەن و وەفدی تەکنیکی و هونەری حکوومەتی هەرێمیش لە بەغدان بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، هەرکات بوودجەی عێراق پەسەندکرا و بوو بە یاسا بەدڵنیایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پرۆژەیاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێتە پەرلەمان کە ئەوە داواکارییەکی سەرەکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بوو، تا ئەو کاتەش بەهیواین بەغدا مانگانە 320 ملیار دینارەکە بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان بۆئەوەی بتوانرێت مووچە بۆ فەرمانبەران دابین بکرێت".
سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی بەردەوامی لێبڕینی سەدا 21ی مووچەی فەرمانەرانیش گوتی: "پێشتر حکوومەت رایگەیاندووە، بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستیدایە مووچە دابەش دەکات، ئەوە دەبێت وەزارەتی دارایی وەڵام بداتەوە کە بۆ ئەم مانگە چەندی لەبەردەستە و چۆن مووچە دابەش دەکات".