Heman Hussein Yaseen
25 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2021
هه‌ولێر - AA
ئابووری و سیاسەت پەیوەندییەکی بەھێزیان بە یەکەوە ھەیە، ھەر کاتێک بارودۆخی سیاسیی باش بێت یان خراپ، ئەوا دۆخی ئابووریش گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لەئێستاشدا بەھۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا، دۆخی سیاسیی و دۆخی ئابووریی خراپە، ھەر بۆیەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر جومگەکانی ئابووریی دروستکردووە.
بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زه‌وی و خانووبەرە، یەکێکە لەو سێکتەرانەی کە دۆخی ساسیی و ئابووریی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دروستکردووە و ئەمەش بووەتە ھۆکارێک کە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو بەتەواوی لاواز ببێت و خاوەن نووسینگەکانی عەقاراتیش بۆچوونی چۆنییەکیان ھەیە و پێییان وایە دۆخی سیاسیی و بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار و بەرزبوونەوەی باج لەسەر زەوی و خانووبه‌ره ھۆکارێکە بۆ سستبوونەوەی بازاڕ.
به‌گوته‌ی خاوه‌ن نووسینگه‌كانی عەقارات، له‌م ماوه‌یه‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی زیادكردنی داهات، باجی خانووبه‌ره‌ی له لەسه‌دا یه‌ك بۆ لە لەسه‌دا سێ به‌رزكردووه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش هۆكارێك بووه بۆ سستبوونی بازاڕی ئه‌وان و پێیان وایه كه پێویست بوو له به‌رامبه‌ردا، خزمه‌تگوزاریش بۆ ئه‌و شوێنانه دابین بكرێت كه تا ئێستا له هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ك بێبه‌شن.
لەمبارەیەوە خاوه‌ن نووسینگه‌ی هاوناز بۆ كڕین و فرۆشتنی زه‌وی، حاجی پشتیوان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''سستبوونی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانووبه‌ره بۆچه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌وانه؛ دۆخی سیاسیی، به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار، زیادكردنی باج، بێكاری و نه‌بوونی مووچه كه ئه‌وانه تێكڕا كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی بازاڕ به گشتی و خانووبه‌ره به تایبه‌تی دروست ده‌كه‌ن''.
حاجی پشتیوان گوتیشی: ''له‌باره‌ی بابه‌تی باج، سه‌یر ده‌كه‌ین حكوومه‌ت باجێکی ئەورووپایی لە خەڵک وەردەگرێت و ژیانێکی ئەفەریقایی بۆ دەکات، ھیچ خزمەتگوزارییەک نییە و باجیش بە فوولی وەردەگیرێت. لە ئەورووپا کاتێک باجێکی له‌م شێوه‌یه وەردەگیرێت کە خەڵک ئیشوکارێکی چاکی ھەبێت، بەڵام لێرەدا پێچەوانەیە ئەگەر سەیر بکەیت ئەوا خەڵک بێکار و بێ مووچەیە و باجیش بووەتە سێ بەرامبەر''.
حاجی پشتیوان گوتیشی: ''ئێستا لە گه‌ڕه‌كی ھەشتی حەسارۆک و سێبەردان له هه‌ولێر، ماوه‌ی ٢٠ ساڵە زەوی دابەشکراوە و حکوومەت خزمەتگوزاری بۆ نابات و ساڵانەش ئه‌و زه‌وییانه باجی دێتە سەر، ئێستا زەوی ھەیە پێنج ملیۆن دینار باجی لەسەرە، کاتێک پرسیار دەکەی ئەو پارەیە ھی چییە؟ پێت دەڵێت ئەوە باجی خانووبەرەیە، ئێمه ده‌پرسین کاتێک تۆ خزمەتگوزاری بۆ دابین ناكه‌یت و ساڵانەش چۆن ده‌بێت ھەر زەوییەک ٥٠٠ تا ٦٠٠ ھەزار دینار باجی لێ وەردەگرێت''.
ناوبراو پێیوایه له‌باره‌ی دۆخی سیاسییشه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا رێكبكه‌ون ئه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ ده‌بێت و له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت ''له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئەگەر ھاتوو هه‌رێم و به‌غدا رێککەون و هه‌رێم ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتە راده‌ست بكات و لەسەدا ١٢،٦٧ی بوودجە بۆ ئێمە بێت، ئەوا بازاڕ تەواو جووڵەی تێدەکەوێت و کاریگەری زۆری له‌سه‌ر بازاڕ ده‌بێت''.
خاوه‌ن نووسینگه‌یه‌كی دیكه‌ی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی و خانوو پێیوایه، ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا رێكبكه‌ون ئه‌وا دۆخه‌كه ئاسایی ده‌بێته‌وه و جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه زیادبوونی باج كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر سێكته‌ری خانووبه‌ره دروستكردووه.
خاوه‌ن نووسینگه‌ی سه‌عدی بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوو، دڵشاد ره‌مه‌زان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بۆ بابه‌تی لاوازبوونی بازاڕی خانووبه‌ره، چه‌ند هۆكارێك هه‌یه وه‌ك به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار و پاشان بارودۆخی سیاسیی نێوان عێراق و ھەرێم كه ئەمانە کاریگەری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هاووڵاتییان و بازاڕ ھەیە، ئەگەر بێت و ھەرێم و بەغدا رێبککەون ئەوا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، چونكه تێكچوونی په‌یوه‌ندیی نێوانیان نزیکەی سەدا ٦٠ کاریگەری له‌سه‌ر بازاڕ کردووە، هه‌روه‌ها زیادبوونی باج به رێژه‌ی سه‌دا سێ ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه‌یه له سستبوونی بازاڕ''.
به گوته‌ی دهڵاڵەکانی كڕین و فرۆشتنی خانوو، جگه له به‌رزبوونه‌وه‌ی باج و به‌های دۆلار به‌رامبه‌ربه دینار، نرخی فرۆشتنیش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه كه ده‌بوو له‌م دۆخه‌ی ئێستا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بهاتایه.
له‌مباریه‌وه ده‌ڵاڵ رزگار رەحمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی و خانووبه‌ره خاو بووەته‌وه، جگه له به‌های دۆلار كه کاریگەری زۆری کردووەتە سەربازاڕ، بابەتی باجیش پێشتر ئەگەر ٣٠٠ ھەزار دینار وهرگیرابووایه ئێستا یەک ملیۆن دینار وه‌رده‌گیرێت و پێشتر باج سەدا یەک بوو، ئێستا بووەتە سەدا سێ، پێشتر ئەگەر زەوییەک بە نرخێک بووبێت ئەوا خاوەنەکەی داوای ھەمان نرخی دەکاتەوە، بێگومان موشتەریش ئەو نرخەی پێ نادات بۆیە ئەمە بووەتە ھۆکارێکی دیکە کە بازاڕی خانووبەرە سست بووە".