Dlshad Saifaalddin Ahmed
10 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2018
سلێمانی ـ AA
کۆبوونەوەکەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ شەممە لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و دوای کۆبوونەوەکەش، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی ئەو حزبە، شۆڕش حاجی راگەیەنراوی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خوێندەوە.
شۆڕش حاجی گوتی:" ھاوڕێیانی جڤاتی نیشتمانی بەھەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە تاوتوێی تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان کرد کە بریتی بووە لە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".
هەر لەکۆبوونەوەکەدا چەندین رێوشوێنی پێویست و بڕیاری گرنگ دران بۆ سازدانی ھاوڵاتیانی کوردستان و بەدەستھێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ لە ھەڵبژاردنەکان، ھەروەھا بڕیار لەسەر بەرنامەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان و دروشمەکانی ھەڵبژاردن درا و پێویستییەکانی سەرکەوتنی ئەم ھەڵبژاردنە دیاریکران و شێوازی دابینکردنیان دەستنیشانکران.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە لە لایەن شۆڕش حاجی خوێندرایەوە، تیایدا ھاتووە:" یەکێک لە خەسڵەتەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکەم رۆژی راگەیاندنییەوە، راستگۆیی بووە لەگەڵ دەنگدەرەکانی و ھاوڵاتیانی کوردستان. ئێمە لەھەشت ساڵی رابردوودا لە بەغدا خاوەن بەرنامە و ھەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی بووین، ھەمیشە داکۆکیمان لەداواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و بژێوییان کردووە. پاراستنی دەسکەوتە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان یەکێکی تر بوون لە کارەکانمان.
ھەروەھا پشتیوانێکی سەرسەختی سەروەری یاسا و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و شەراکەتی راستەقینە لە بڕیار و دەسەڵاتی سیاسی لەنێوان پێکھاتەکانی عێراق و دژایەتیکردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بووین بۆسەر ھەرێمی کوردستان. ئەگەر بەرنامە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبەر چاو بگیرابان، ھەرێمی کوردستان توشی ئەو شکست و پاشەکشێیەی ئێستا نەدەبوو".
جڤاتی نیشتمانی گۆڕان داواش لە ھەموو دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان دەکات ناوی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار بکەن.
لەکۆتاییشدا جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاریدا سەرجەم دامەزراوەکانی گۆڕان، ھاوشێوەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو، لەخزمەتی پرۆسەی ھەڵبژاردن و سەرخستنی لیستی گۆڕان بن.
بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خاوەن هەشت کورسییە و لە ئێستادا، ھاوشێوەی لیست و قەوارە سیاسییەکانی دیکە خۆی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادە دەکات کە بڕیارە لە ١٢ی ئایاری داھاتوو بەڕێوەبچێت.