Abdullah Shukur, Sarmand Hameed
20 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2016
ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم باسی لە پێشھاتەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکان کرد و گوتی: "پرسیارەکە لێرەدایە ئەوەیە کە ئایا ئەسەد دەمێنێتەوە یان نا؟ ئەو چووەتە خوێنی ٥٠٠ ھەزار کەس. ئایا لە وادەی دوور سووریا بەرگەی ئەسەد دەگرێت؟ پێموایە بەرگە ناگرێت. ئەمڕۆ رووسیا و ئەمریکایش دەزانێت کە ئەسەد ئەستەمە بتوانێت ھەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە. ئێمە پێمانوایە کە نابێت ئەسەد ، پەکەکە و داعش لە داھاتووی سووریا بوونیان ھەبێت. بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ئێستا یەکێک لە ئەکتەرەکان ئەسەدە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە کۆشکی وەحدەتین، لەگەڵ نوێنەرانی رۆژنامە و تەلەفزیۆن و ئاژانسەکانی وڵاتانی ژاپۆن،قەتەر، چین، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بریتانیا و ئەمریکا کۆبووەوە و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
یڵدرم رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری وڵات ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەکردنی کێشەی سووریا نیشانداوە و ھاوکات یەکێک لەو وڵاتانەی کە پێویستە تاوتوێی لەگەڵ بکرێت، تورکیایە بەھۆی بوونی ٩١١ کیلۆمەتر سنوور لەگەڵ ئەو وڵاتە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند کە لەبەر ئەوەی عێراق بە ھەمان شێوە سەقامگیری نییە ، بۆیە ناکرێت چاوەڕێی رۆڵی کاریگەری لەسەر بابەتی سووریا لێ بکرێت.
یڵدرم لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لەوەتەی چەند ساڵی رابڕدوو کێشەی نوێنەرایەتی لە سووریا ھەیە و ئەمەش سەرچاوەی کێشەکانە. بەم پێیەش پێویست بە دەسەڵاتێکی گشتگیر دەکان کە گشت نەتەوەکانی وەک عەرەب، کورد، نوسەیری لەخۆ بگرێت. لە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمانە ھەموویان دیار کراون کە ئایا کێ ئەم دەسەڵاتانە دەگرێتە دەست".
بینالی یڵدرم زیاتر گوتیشی: "پرسیارەکە لێرەدایە ئەوەیە کە ئایا ئەسەد دەمێنێتەوە یان نا؟ ئەو چووەتە خوێنی ٥٠٠ ھەزار کەس. ئایا لە وادەی دوور سووریا بەرگەی ئەسەد دەگرێت؟ پێموایە بەرگە ناگرێت. ئەمڕۆ رووسیا و ئەمریکایش دەزانێت کە ئەسەد ئەستەمە بتوانێت ھەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە. ئێمە پێمانوایە کە نابێت ئەسەد ، پەکەکە و داعش لە داھاتووی سووریا بوونیان ھەبێت. بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ئێستا یەکێک لە ئەکتەرەکان ئەسەدە".