Azat Muhammet
07 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2017
دهۆک-AA
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى پاریزگاى دهۆک، رائیدى مافپەرەور، ئازاد تەها بۆ دەزگاکانى راگەیاندن گوتى: "هەروەک دەزانین دۆخ و گوزەرانى هاووڵاتییان بە قەیرانێکى دارایی تێپەڕ دەبێت، هەوڵەکانی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەو ئاراستەیە کە رێگە چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەو قەیرانە و، بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى دهۆک لە رۆشنایی بەرنامەیەکى داڕێژراوى وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان دەتوانن بە قیست سزاى سەر ئۆتۆمبێلەکانیان بدەنەوە".
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى پاریزگاى دهۆک، گوتیشى: "هاووڵاتییان نەک تەنها دەتوانن پارەى سزاکانى سەر ئۆتۆمبێلەکانیان بە قیست بدەنەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا دەتوانن ژمارەى ئۆتۆمبێلەکانیان نوێ بکەنەوە و هەورەها ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر ناوى کەسێکەوە بۆسەر ناوى کەسێکەوە بگوازێتەوە، بڕە پارەکەیش بە قیست بدەن بە لایەنى پەیوەندیدار".
ئازاد تەها گوتیشی: "ئەم بڕیار و رێنماییانە بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکە، شوفێران دەتوانن مامەڵەکانیان رایی بکەن، پارێزگاى دهۆک یەکەم پارێزگا بووە لەسەر جێبەجێکردنى ئەم بڕیار و رێنماییانەى وەزارەتى ناوخۆ بۆ ماوەى ساڵێک بەردەوام دەبێت".
لە کۆتاییدا ناوبراو ئامارەکانى رووداوەکانى هاتوچۆى لە ماوەى ١٠ رۆژى رابردووى ئاشکرا کرد گوتى: " لەماوەى ١٠ رۆژى رابردوودا بە داخەوە بە هۆى رووداوى هاتوچۆ ٢٤ هاووڵاتى بریندار بوون هەروەها ٦ هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە، بە راستى ئامارەکە جێى داخە، ئەگەرى رووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ خێرایی لێخوڕینى ئۆتۆمبێلەکان بە گشتى و پابەند نەبوون بە رێنماییەکانى هاتوچۆ و هەروەها بە هۆى باران بارین و نالەبارى کەشوهەواوە بووە".