Hamit Hüseyin
23 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2015
مەراسیمی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) وەک نەریتێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی ساڵانە لەلایەن ھاووڵاتییانی کوردستان، بە ئاھەنگی تایبەت و جەژن پیرۆز دەکرێت.
ئەم رۆژە لەلایەن پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەرەکانی شەڕیش پیرۆز راگیرا و ھەرچەندە لەو رۆژانەدا چەندین ھێرشی لەناکاو کرایەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەڵام پێشمەرگە ئەم رۆژەی بەرز نرخاند.
بەرپرسی میحوەری مەخموور نەجات عەلی لەکاتی مەراسیمی پیرۆزبای رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئەم رۆژە لای پێشمەرگە رۆژێکی پیرۆزە و پەیامێکە بۆ ھەموو جیھان کە گەلی کورد و پێشمەرگەی کوردستان باوەڕی بەخوا و ئیسلام ھەیە و بەو باوەڕەش بەرگری لە خاک و وڵات وئایینی خۆمان دەکەین و ئەوانەی ناوی ئیسلام بەکار دەھێنن کاری تیرۆریستی بکەن ئەوان ئیسلام نین و ئەوان ئامانجی دیکەیان ھەیە".
ھەروەھا ئەو فەرماندەیە سوپاسی ئەو بازرگانانەی کرد کە لەم کاتەدا یارمەتی پێشمەرگەیان داوە و داوای لە ھەموو بازرگانانی ھەرێمی کوردستان کرد کە یارمەتی زیاتری پێشمەرگە بدەن و گوتی: "پێشمەرگە لە ئێستادا تەنیا بۆ خۆی شەڕ ناکات بەڵکو شەڕی خاک و گەلە و با ئەو قارەمانێتییەی پێشمەرگە بەرز بنرخێنین و شانازی پێ بکەین".
بازرگانێک بەناوی عەباس فازڵ کە یارمەتی بۆ ھێزی پێشمەرگە ھێنابوو، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "پێشمەرگە شەرەف و خاکی ئێمە دەپارێزیت و و پێشمەرگە لە ھەموو کاتێک لە سەرما و گەرما بەرگری لە ئێمە دەکات و داوا لەو بازرگان و دەوڵەمەندانە دەکەم کە لە ئێستادا بێدەنگن با خۆیان نەشارننەوە و بێن پشتگیری مادی پێشمەرگە بکەین و ئەگەر پێشمەرگەی کوردستان نەبێت ئەوانیش چیتر ناتوانن بازرگانی بکەن و من ھەمیشە دەڵێم کە ئەگەر پێشمەرگە نەبێت ئەوە ھەموو ماڵ و سامانی من دەکەوتە دەست تیرۆریستان".
هەژی گۆتنە یارمەتییەکانی ئەو بازرگانە بریتی بوو لە: "١٠٠٠ قەمسەلە، ١٠٠٠ قات، ١٠٠٠ جووت پۆستال و ١٠٠٠عەبا، ٢٠٠٠گۆرەی و ١٠٠ بلاجکتۆر" کە سەرجەمیان کەلوپەلی سەربازیی بوون و ھەروەھا زیاتر لە ١٠ تۆن خواردن و خواردەمەنی و زیاتر لە ١٠٠ سەر مەڕ لەو رۆژە پیرۆزەدا پێشکەشی پێشمەرگەی کوردستانی کرد.