Hemin Hüseyin
10 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2017
هەولێر-AA
بەمەبەستی پشتگیریکردن لە موسڵمانانی ئاراکان و ئیدانەکردنی ئەو توندوتیژییەی لەلایەن بوزییەکانی میانمار دژ بە موسڵمانانی بۆرما دەکرێت، کۆمەڵی ئیسلامی کۆڕێکی رێکخست کە لە میانیدا ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی، عەلی باپیر گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە دەستپێکی گوتارەکەیدا، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی ئاماژەی بە حاڵی موسڵمانان کرد لە بۆرما و تیشکی خستە سەر زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییانی موسڵمان و گوتی: "ماوەیەکە کۆمەڵکوژییەک دژی موسڵمانانی بۆرما دەستی پێکردووە لەسەر دەستی بوزییەکان، ئەم توندوتیژییە لە ئەنجامی دژایەتیکردنی موسڵمانانە لە لایەن بوزییەکان کە سەرەتاییترین مافییان لە موسڵمانان وەرگرتووەتەوە، بۆ نموونە هەر لە منداڵییەوە کاتێک گەورە دەبن و دەچن قۆناغی سەرەتایی دەخوێنن و دواتر بێبەش دەکرێن لە قۆناغەکانی دیکە و بۆیان نییە زیاتر بخوێنن، لە هەموو پۆستە حکوومییەکان بێبەش دەکرێن، رێگای سەفەرکردنییان پێ نادرێت، هەر کەسێک سەفەر بکات ئەگەر سزاکەی کوشتن نەبێت ئەوا ماوەیەکی زۆر زیندانی دەکرێت، رێگا نادرێت هیچ ماڵێک میوانی هەبێت تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆیشیان، رێگایان پێ نادرێت هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، ئەوانەیشی کە هاوسەرگیری دەکەن، نابێت لە دوو منداڵ زیاتریان هەبێت و بە پێچەوانەوە رووبەڕووی توندترین سزا دەبنەوە".
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی ئاماژەی بە چەند ئامارێک کرد کە پشتی بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بەستبوو، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە ئەنجامی توندو تیژییەکانی بۆرما، تا ئێستا موسڵمانان ٦ هەزار و ٣٣٤ کەسیان لێ شەهیدکراوە، ٨ هەزار و ٣٤٩ برینداریان هەیە و ٢٣ هەزار ٢٥٠ خانوو سوتینراوە، ٣٣٥ هەزار کەس بێ جێگایە، ١٤٥ هەزار کەس بە ئاوارەیی گەیشتووەتە بەنگلادش، ١٩٠ هەزار کەس لەسەر سنوور ماوەتەوە و چاوەڕوانن، سەرەڕای ئەوەش زۆر زوڵم و دەستدرێژی دەکرێتە سەر موسڵمانان، رەنگە هەندێک کەس بڵێت ئەوانە ژمارەیان کەمە، هەر بۆ زانیاریتان بەپێی سەرژمێری نەتەوە یەکگرتووەکان، سەدا ٨٧ ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بوزیی و سەدا شەش مەسیحی و سەدا ٤ی موسڵمان و سەدا ١ زیاتریش ئایینەکانی دیکەن".
عەلی باپیر، بوزییەکانی بە دووەمین دوژمنی موسڵمانەکان هەژمارکرد و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوانە ناحەزی ئەهلی ئێمەن و سەرسەخترین دوژمنی ئێمە جوولەکەیە و پاشان بت پەرستان کە بوزییەکانن، بێگومان هەموویان نا بەڵکو بەشێکیان، بەڵام ئێمە وەکو موسڵمانان، ئایینەکەمان رێگامان نادات دوژمنایەتی کەس بکەن لەبەر ئەوەی کە دژایەتیمان دەکەن، هەموومان دەزانین کە بوزییەکان زیاتر لە ملیارێک کەسن، خۆ هەموویان دژایەتی موسڵمانان ناکەن بەڵکو ئەوە رژێمی بۆرمایە کە بەداخەوە سەرۆکەکەشی ئافرەتێکە کە لە ساڵی ١٩٩١ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ بەخشراوە، ئێستا لە بەریتانیا خۆپێشاندان و واژووکۆکردنەوەیە بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی لێ وەرگیرێتەوە، چونکە خۆی بێدەنگ کردووە لەو زوڵمەی کە لە وڵاتەکەیدا بەرامبەر موسڵمانان دەکرێت، کەواتا ئێمە دەبێت رووی رەخنەمان لەو کەسە بێت کە زوڵمەکە دەکات".
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی ئاماژەی بە چەند وڵاتێک کرد کە هاوخەمی خۆیان بۆ موسڵمانانی بۆرما دەربڕیووە و هاوکات رەخنەی ئاراستەی وڵاتانی موسڵمان کرد و پێی وابوو دەبێت هەموولایەک بەرگری لە موسڵمانانی بۆرما بکەن و هاوخەمی خۆیان دەربڕن و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا نیگەرانن لەو زوڵمەی لە موسڵمانان دەکرێت لە بۆرما، لە کاتێکدا هۆکارێکی دیکە بریتییە لە کەمتەرخەمی وڵاتانی ئیسلامیی کە بەداخەوە کە هەڵوێستێکی لەم شێوەیەیان نییە، نیشانەیەکی پرسیاریان خستووەتە سەر کەرامەتی خۆیان، ئەگەر ئەو رژێمە لەو دەوڵەتە ئیسلامییانە رانەبینن بێگومان وا ناکەن و هیچ کەسێک ناتوانێت زوڵم لە کەمینەیەک بکات ئەگەر پشتگیری هەبێت".
عەلی باپیر رەخنەی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە موسڵمانانی ئاراکان ناکەن و ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک کەسایەتی و راگەیاندنکار لە دەزگای ئەم هەرێمە نەک پشتیوانی لەو موسڵمانانە ناکەن بەڵکو دەیانەوێت پینە و پەڕۆ بۆ حکوومەتی بۆڕما بکەن و گوتی: "دەمەوێت لەبارەی هەڵوێست دەربڕین بۆ موسڵمانانی بۆرما ئەوە بڵیم کە زۆر جێگای سەرنج و تێبینییە کە دەبیستین هەندێک کەسایەتی و راگەیاندنکار لە دەزگای ئەم هەرێمە نەک پشتیوانی لەو موسڵمانانە ناکەن بەڵکو دەیانەوێت پینە و پەڕۆ بۆ حکوومەتی بۆڕما بکەن کە بەراستی ئەمە ئابڕووچوونێکی گەورەیە، چونکە ئێمە هەمووجار گلەیی دەکەین کە کاتێک ئەنفال و کیمابارانکراین کەس بەرگری لێمان نەکرد، بۆیە نابێت هەمان شت دووبارە بکەینەوە و با وەکو مرۆڤ بە حورمەتەوە بژین و جینۆساید نەکرێن، بەرپرسیاریەتی ئێمە ئەوەیە کە نارەزایی دەرببڕین و هاوخەمی دەرببڕین و پاشان رایبگەیەنین کە ئێمە وەکوکورد رەخنە دەگرین لەو رژێمە کە دەیانچەوسێنێتەوە".
عەلی باپیر گوتیشی: "لە کۆتاییدا دەڵیم وەکو کورد دەردەسەریمان زۆر بەسەردا هاتووە و چەند پێمان خۆشبووە کە نووسەرێک نووسینێک لەسەر ئێمە بڵاوبکاتەوە و لە راستیدا ئێستا ئەوانیش پێویستیان بەوە هەیە کە ئێمە بەرگرییان لێ بکەین و هاودەردیان بین کە ئەمەش سەروەرییەکی ئایینی و دونیایی بۆخۆمان تۆمار بکەین".