Abdullah Shukur
24 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2016
ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم رایگەیاند کە رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی چەندین ساڵ بەناوی ھاوکاری پارەیان لە ھاووڵاتیان وەرگرتووە. گوتیشی: "ھەرچی دەکەن با بیکەن. ھەرچی درۆیەک دەکەن با بیکەن. ئەوانەی کە خیانەتیان کردووە سزای خۆیان وەردەگرن ئەوانەشی کە تەنھا بە کاری خواپەرستی خەریک بوون لە نێو ئەو رێکخراوە ھیچ نیگەران نەبن ئەوان ھیچ تاوانێکیان نییە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرن بەشداری لە کۆبوونەوەی ھاوکاری و ھەماھەنگی دەزگای رۆشنبیری و پەروەردەی ئارزنجان لە شاری عومرانییە کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی قوربانیانی ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز کرد.
یڵدرم ئاشکراشی کرد کە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بە دۆستمان دەزانی، شەوی کودەتا باسی ئەوەیان دەکرد کە بۆچی ئەم ھەوڵەی کودەتا سەرکەوتوو نەبووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم گوتی: "سیستەمی دادوەریی تورکیا لە کارەکانی خۆی بەردەوامە. بەم پێیەش بردنە دەرەوەی بابەتی کودەتا لە رۆژەڤی تورکیا و ھەوڵدان بۆ بەریگریکردن لە کودەتاچییەکان، خراپترین کارە کە بەرامبەر شەھیدان و برینداران ئەنجام بدرێت. بە زووترین کات گەل چاوەرێی ئەوە دەکات کە ھەموو کەسێک بەپرسیارێتی خۆی لەمبارەیەوە جێبەجێ بکات".
بینالی یڵدرم لەبارەی لێدوانی کڵچدارئۆغڵو پەیوەندیدار بە سەقامگیری گوتی: "ئاک پارتی ماوەی ١٤ ساڵە بەتەنھا لەدەسەڵاتدایە. نازانم بەڕێز کڵچدارئۆغڵو کە دەڵێت سەقامگیریی بەمەستی چییە، بەڵام کاتێک دەڵێین سەقامگیریی سیاسی، لەھەموو جیھاندا ئەم چەمکە بە ئیرادەی بەھێزی سیاسیی وەردەگیرێت کە دەسەڵاتێکە بەتەنھا. لەراستیدا ماوەی ١٤ ساڵە سەقامگیریی بەردەوامە. سەرباری چی بەردەوامە؟ سەرباری ھەوڵی کودەتا. سەرباری بەرەنگاربوونەوەی ئەوانەی ھەوڵدەدەن دەست بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا بگرن. لە ١٤ ساڵدا توانیمان تواناکانی تورکیا بۆ سێ ھێندە بەرزبکەینەوە، سێ ھەوڵی کودەتاشمان تێکشکاند".
یڵدرم لەبارەی نھێنی و پەیوەندییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی گوتی: "ئەم رێکخراوە تیرۆرستییە قوتویەکی داخراوە، روون نییە و پەیوەندییەکانی نھێنییە. بێ ئەوەی بکەویتە ھەڵەوە ئاسان نییە بەرپرسەکانی ئەمانە دەستنیشان بکەیت. ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ھەیە کە ئێمە بەو ھۆکارە لە ئەرکەکانیان دوورمانخستوونەتەوە، ھەندێکیشیان کە دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردن و بەندکردنی بۆ دەرکردوون، بەشداریی کردارییان لە ھەوڵی کودەتاکەدا ھەبووە. لەبەرئەوە توێژێکی زۆرن. ئەمە راستە. بەڵام ئەگەر ئەمە ئەنجامنەدەین، تورکیا جارێکی دیکە رووبەڕووی ھەمان مەترسی دەبێتەوە. پێویستە گەلەکەمان ئەمە بزانن. کاری لەمەودوامان چییە؟ ئەگەر ھەڵە و کەموکورتی ھەبێت، میکانیزمی راستکردنەوەش ھەیە. نابێت رەش و سپی تێکەڵ بکرێن، تەڕ و وشک پێکەوە ناسووتێن و بە دادپەروەری مامەڵە دەکەین نەک تۆڵە سەندنەوە".
یڵدرم جەختیشی لەوە کردەوە کە ئابووری تورکیا سەقامگیرە و بە ئاسانی لاواز نابێت گوتیشی: "ئابووریی تورکیا ئابوورییەک نییە بە راپۆرت و ھەڵسەنگاندنی چەند رێکخراوێک ھەرەس بھێنێت. ئابووریی تورکیا ئابوورییەکە کە ئامانجی بەرھەمھێنان، گەشەسەندن، بووژاندنەوە و خۆشگوزەرانیی ٧٩ ملیۆن ھاووڵاتیی خۆیەتی".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: "نە بەرێز کڵچدارئۆغڵو و نە گەلەکەمان بەرپرس نین لە ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز. بەرپرسی ئەم کودەتایە رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی و سەرۆکەکەیەتی. ئێمەش وەکو حکوومەت ئەرکی سەرشانمانە کە ئەم رێکخراوە تیرۆرییستییە لەناو ببەین. من دووبارە لە بەرێز کڵچدارئۆغڵو چاوەڕێی ئەوە دەکەم کە لە چوارچێوەی برایەتی و یەکڕیزی، ھەڵوێستی ئەرێنی زیاتر لەبارەی بەرەنگاربوونەوە دژی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و فەتۆ بنوێنێت".