ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی بەدەپە (گوڵتان کشاناک) لە کۆنگرەیەکی ڕۆنامەوانیدا گوتی "پاکێجەکە ئەوە نەبوو چاوەڕوان دەکرا، تورکیا گیرۆدەی حکومەتی تاکڕەو بووە، مافەکان زەوت دەکرێن و ئازادی لە ژین و بەشداربوون لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بۆ ھەمووان نییە، چاوەڕێ بووین پاکێجەکە کێشەی نەتەوەیی کورد و گرفتی ئایینی عەلەوییەکان چارە بکا، بەڵام لەو بارەیەوە شتێکی وامان بەدی نەکرد."
کشاناک گوتی "پاکێجەکە بڕیاڕێکی وای تێدا نەبوو سنووری ئازادییەکان فراوان بکا، یان ھاوڵاتییان وەکو ھەن قبولڕ بکا. دەبێ حکومەت کورد و عەلەوی وەک خۆیان قبول بکات و ھەوڵی تورکاندنیان نەدا، ئێمە ناڵێین مافمان پێ بدرێت، بەڵکو داوای مافە زەوتکراوەکانمان دەکەین، پێویست بوو ئەم پاکێجە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکانی تێدا بێ، نەک بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵێک ڕابگەیەنرێت."
کشاناک ڕاشکاوانە گوتی "تەنیا لایەنی سوودمەند لەم پاکێجەدا پارتی داد و گەشەپێدانە، ھێشتا ھەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادیی ڕادەربڕین و میدیا و دیموکراسییەکی تەواو بوونیان ھەیە، لەگەلڕ ئەمەشدا ھەزاران زیندانیی سیاسی لە بەندیخانەکاندان."
لەبارەی ڕێژەی بەدەستھێنراو بۆ چوونە پەرلەمان گوتی "ئەم چاکسازییە منەتکردنی ناوێ، دانانی ڕێژەی %١٠ یاسایەکە کە کودەتاچیەکانی دژی خۆتان دایانناوە و ھەر پێویستە لایبدەن، ئەگەرنا لافی دیموکراتیبوون لەگەلڕ ئەو یاسایەدا لێنادرێت."
لەبارەی بەکارھێنانی ھەر سێ پیتی (ق, خ, و)یش لە ئەلفبێدا و بەکارھێنانی وەکو پیتی فەرمی لە ھەموو دامودەزگا و میدیایەکیشدا گوتی "من ئەو سزایانەتان بیر دەخەمەوە کە بەھۆی بەکارھێنانی ئەم پیتانەوە دەرکراون، پاشان لەباتی ئەمە شتێک ھەیە بەناوی زمان و ئەلفبێی کوردی، تەنھا بەکارھێنانی سآ پیت لە نووسیندا ھیچ مافدانێکی تێدا نییە بۆ کوردان، ئەلفبێ و پەروەردەی کوردی نەک تەنیا لە قوتابخانەی تایبەت بەڵکو دەبێ لە خوێندنگا حکومییەکانیشدا ھەبێ."