ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ( بەشیر ئاتاڵای) لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان باسی ھەوڵی حکومەت بۆ چارەسەری پرسی کورد و بەردەوام کردنی ئاشتی کردو گوتی"ئامانجی سەرەکی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد، کۆتایی ھێنانە بەشەڕ و توندوتیژیی، بێدەنگکردنی چەکەکان و چارەسەر کردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دیالۆگدا".
سەبارەت بەرووداوەکانی پارکی گەزی و خۆپیشاندانەکانی ئیستەنبوڵ بەشیر ئاتاڵای گوتی" حکومەت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوەکان دەکات، پەیوەندیی توندوتیژیی دوای یاریی ھەر دوو یانەی گاڵاتاسەرای و بەشیکتاش پەیوەندییان بە یارییەکەوە ھەیە، ناکرێ ھەر لە ئێستاوە شرۆڤەیەک لە سەر ئەم رووداوانە بکەین".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن دەبێتە ھۆکاری سڕینەوە نائومیدی خەڵک؟ بەشیر ئاتاڵای گوتی "پێویستە لە زۆر بواردا شرۆڤە بکرێ، چەندین دەنگۆ سەبارەت بە ھەموار کردنەوەی یاسای مادە کحولییەکان بڵاو کرانەوە رەنگە ئەم دەنگۆیانە کاریگەرییان لە سەر خەڵک کردبێ، پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن دەبێتە ھۆکاری ئاسوودەبوونی کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی تورکیا لە زۆر فاکتەری نائارامی کۆمەڵایەتی رزگاری دەبێ".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا پاکێجی دیموکراتیزاسۆن کاریگەریی لە سەر گیراوانی کەجەکە دەبێ؟ ئاتاڵای رایگەیاند: پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە و ئامانجی سەرەکی قۆناغی چارەسەری کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی، و بێدەنگکردنی چەکەکان و چارەسەر کردنی کێشەکانە لە چوارچێوەیەکی سیاسی دا، دەمانەوێ بگەینە ئەو ئاستەی بتوانین کێشەکان لە رێی سیاسەتەوە چارەسەر بکەین، بیگومان ئەمە رێگایەکی پر لە ریسک و مەترسییە، ناکرێ پەلە بکەین چونکە ھەر ھەمووی کەناڵەکانی دیالۆگ کراوەن و قۆناغی چارەسەریش بەردەوامە و حکومەت سوورە لە سەر چارەسەر کردنی ئەو پرسە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند: ناوەڕۆکی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا پرە لە سورپڕایز و بەرفراوانترین پاکێجی دیموکراتیزە کردنی تورکیایە.