ئەنقەرە
بوڵەند ئارنچ جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە بارەی پڕۆسەی چارەسەری گوتی: "پرۆسەکە بەباشی دەڕوات. پێموایە سەرکەوتوو دەبین، لە کۆتایدا لە بەڵای تیرۆر رزگارمان دەبێ کە زیانێکی ماددی و مەعنەوی گەورەی بە تورکیا گەیاندووە. ئەو پڕۆسەیە کۆتایی بە قۆناغێک لە تورکیا دەھێنێ کە ھەموو مرۆڤەکان دەکاتە برایی یەکتری."
ئارنچ باسی لەو رەخنانە کرد کە لە پرۆسەی چارەسەری دەگیرێ و گوتی: "ئەوانەی ئەو رەخنە بە دەنگێکی بەرز دەگرن؛ وەک پێویستیەکی سیاسەتی ناوخۆ بەکاری دەھێنن. پێمانوایە ئەوەی ئێمە دەیکەین راستە. ئەوەی لەو راستیانە دڵنەواییمان پێدەدات ئەوەیە رووداوەکانی تیرۆرە کە ساڵانێکی درێژە بەدەستیەوە دەناڵێنین کە رووداوی ناخۆش، فرمێسک، تەرمی شەھیدان لێدەکەوتەوە، ماوەی ١٠ مانگە لەسایەی ئەو پڕۆسەیە رووداوێکی ناخۆش رووینەداوە، ھێرش ناکرێتە سەر سەربازگەکان، مین ناتەقێتەوە. ھەڵبەتە ھەندێک رووداوی تایبەت بە پۆلیس ھەیە، بۆ ئەمەش ھێزەکانی ئاسایش ئەوەی پێویست بێ دەیکەن. پێویستە بەمە خۆشحاڵبین."
جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە درێژەی قەسەکانیدا گوتی: " ئەو پڕۆسەیە لەلایەن خەڵکەوە پەسەندکراوە، لەسەرمان دەسەپێنێ ئێمەش پەسەندی بکەین. ئەوانەی ھاتنە دیاربەکر، ئەوانەی لە باکووری عێراق ھاتنە دیاربەکر بۆ ئەوەی پشتگیری لەو پڕۆسەیە بکەن. پێموایە کەس نابێ بەمە دڵگران بێ. لەم روانگەیەوە رەخنەکانی بەدەپە لەو پڕۆسەیە و رەخنەکانی لەبارەی ھەڵوێستی حکوومەت بە رێزەوە وەردەگرم. سەر لەنوێ گفتوگۆکردنەوەی شتەکان سوودی نابێ پڕۆسەکە باش دەڕوات. پێموایە سەرکەوتوو دەبین، لە کۆتاییشدا لە تیرۆر رزگارمان دەبێت کە زیانێکی ماددی و مەعنەوی گەورەی بە تورکیا گەیاندووە. . ئەو پڕۆسەیە کۆتایی بە قۆناغێک لە تورکیا دەھێنێ، مرۆڤەکان دەکاتە برایی ئەکتری."
ئارنچ ئاماژەی بە قسەکانی عادل زۆزانی پەرلەمانتاری بەدەپە کرد کە گوتبووی (ئەگەر ئەوانەی لە گەڤەڕ کوژراون تیرۆریست بن منیش تیرۆریستم، چونکە ئەوانە دەنگدەری منن) و لەوبارەیەوە گوتی: " بەڕاستی تا ئەمڕۆ لۆژیکێکی بەم شێوەیەم نەبینیووە. لە یوسەکۆڤا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، دواتر یەکێکی دیکەش گیانی لەدەستدا. ئەوانە رووداوی جەرگبڕن، خۆزگە گیانیان لەدەست نەدەدا، خۆزگە شەڕێکی لەم جۆرە رووینەدەدا، بەڵام ئەوانە روویاندا، بۆیە دەستەواژەی (ئەگەر ئەوان تیرۆریستن منیش تیرۆریستم) ھیچ سوودێکی نابێ بۆ ئەو پڕۆسەیە."