Abdullah Söylemez
30 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2021
ئاگری- AA
لە چوارچێوەی پڕۆژەی "یاری تۆپی ریشە بۆ گوندنشینان" کە لە لایەن وەزارەتی وەرزش و لاوان و فێدراسیۆنی تۆپی ریشەی تورکیا بەڕێوەدەچێت، لە گوندی گەچیتڤەرەن-ی سەر بە شارۆچکەی تاشلیچای-ی سەر بە پارێزگای ئاگری، لە باخچەی قوتابخانەی گوندەکەدا مەیدانێکی بچوکی یاری ریشە دروست کرا.
دواتر لەڕێی موختارەوە دانیشتوانی گوندەکە بانگێشتی قوتابخانەکە کران و بەشداری جۆش و خرۆشی یەکەم یاری تۆپی ریشەیان لە گوندەکەیان کرد.
ئاژەڵدارانی گوندی گەچیتڤەرەن کە بەهۆی سەختی وەرزی زستان لەو ناوچەیە زەحمەتێکی زۆر بە بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیانەوە دەکێشن، بۆ ماوەیەکی کەم کارەکانیان وەستاند و یاری تۆپی ریشەیان کرد.
بەڕێوبەری هۆبەی وەرزشی بەڕێوبەرایەتی وەرزش و لاوانی ئاگری، جەمیل بوداک لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە گرنگی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە بچووکانە لە گوندەکان کرد و رایگەیاند: "هەوڵدەدەین دانیشتوانی گوندەکە بە ژن و پیاوەوە فێری یاری تۆپی ریشە بکەین. ئامانجمان ئەوەیە هەموو کەسێک وەرزش بکات".
موختار و دانیشوانی گوندەکەش، سوپاسی ئەو کەسانەیان کرد کە ئەم چالاکییەیان رێکخستووە و بوونەتە هۆی دڵخۆشییان لەم وەرزە ساردەی ساڵدا.