Yusuf Şahbaz
18 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
ئیزمیر - AA
لە نزیک کەناراوەکانی شارۆچکەی سەفەریھیساری سەر بە پارێزگای ئیزمیر، ١٥٨ کۆچبەرى ناياسايى کە لەلایەن ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنانەوە بۆ سنووری دەریایی تورکیا رەوانەکرابوون، رزگارکران.
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، لەسەر گەیشتنی زانیاری ھەبوونی گرووپێک کۆچبەری نایاسایی لەسەر چووپەبەلەمێک لە نزیک کەناراوەکانی دۆغانبەی دەستبەجێ دەستیان بەجوڵە کرد.
دوای گەیشتنی تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان، ١٥٨ کۆچبەری نایاسایی لەسەر ھەشت چووپەبەلەم رزگار کران. ھاوکات شەش گومانلێکراو کە دەیانویست لە رێگەی نایاساییەوە تورکیا بەجێبھێڵن دەستگیرکران.
- "ئێوەمان بینی باشتر بووین"
لەلایەکی دیکەوە، تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، گرتەی ساتی رزگارکردنی کۆچبەرە نایاساییەکانیان بڵاوکردەوە. گرتەکان، چەپڵە لێدان و ھاوارکردنی "تورکیا"ی کۆچبەرە نایاساییەکان لەکاتی بینینی تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان لە خۆدەگرێت.
کۆچبەرێک کە بەناو گرووپێک قسەی کرد کە ژن و منداڵیش لە نێویاندا بوو گوتی، "ئێمەیان لێرە بەجێھێشت، ھەڵاتن و رۆیشتن. ئێمەیان لە ئاوەکانی یۆنانەوە ھەڵگرت، تاکو ئێر ھێنایانین و بەجێیانھێشتین".
کۆچبەرێک لە وەڵامی پرسیاری "کەس ھەیە دۆخی تەندروستی خراپ بێت؟"ی کارمەندێکی ئاسایشی کەناراوەکان، گوتی "ئێوەمان بینی باشتر بووین".