بورسا
عەبدوڵا ئۆجەلان بە پێی مادەی 125 ی ژمارە یاسای 765 ی سزای توركیا، بە تۆمەتی ناپاكی بەرامبەر بە نیشتیمان سزای لەسێدارەدانی بەسەر سەپێنرابوو، پاشان ئەم سزایە بە گوێرەی یاساكانی یەكێتی ئەوروپا هەڵگیرا و گۆڕا بۆ سزای بەندكردنی هەتاهەتایی. براكەی محەمەد ئۆجەلان لە دوای چاوپێكەوتنی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
دوای ئەوەی حەوا كەسەر خوشكی عەبدوڵا ئۆجەلان بە هۆی نەخۆشی شەكرە و بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن گیانی لەدەستدا، محەمەد ئۆجەلان ئاماژەی بەوە دا كە شوێنی ناشتنی لە لایەن خێزانەكەیەوە بڕیاری لە سەر دەدرێت. لە پرسیاری رۆژنامەنووسێك "چاوپێكەوتنەكە چۆن بوو، بڕیار لە سەر تەرمەكە درا؟" محەمەد ئۆجەلان گوتی: "هەموو شتێك بڕیاری لە سەر درا. لە چاوپێكەوتنەكە بە گشتی باسی تەرمەكە كرا. خێزانەكەی و منداڵەكانی لە كوێ بیانەوێ لەوێ دەنێژرێ. مافی ئەوەمان نییە بەرامبەر بە بڕیاری خێزانەكە بوەستین، خێزانەكەی گەر بیەوێ لە گوندەكەی یاخود لەو شوێنەی لێی دەژی دەینێژین."
هەروەها لە پرسیارێكی دیكە كە هاتووە "باسی مەسەلەی كۆبانێتان كرد؟" محەمەد ئۆجەلان گوتی: "بۆچوونی برا گەورەكەم بەم شێوەیەیە: مرۆڤەكانمان تاوەكو كۆتایی لە كۆبانێ بەرهەڵستی دەكەن. لە ناوچە كوردییەكان داعش لە ھەر شوێنێك بێت تاوەكو كۆتایی رووبەڕووی دەبینەوە. تا كۆتایی بەرهەڵستكاری دەكەین. واتا بە هیچ شێوەیەك پەشیمان نابینەوە. ئەو حكوومەت و مرۆڤانەی هاوكاریی داعش دەكەن سبەی رووبەڕووی كێشەیەكی گەورە دەبنەوە. گەر كام وڵات هاوكاریی داعشی كرد بێت ئەوا گەورەترین زیان بەو وڵاتە دەكەوێت. تا كۆتایی بەرهەڵستكاری بەرامبەر بە داعش دەكەین و پێویستە خەڵكەكەمان بەرهەڵستكاری بكات."
هاوكات لە پرسیاری رۆژنامەنووسێك سەبارەت بەوەی كە عەبدوڵا ئۆجەلان داوای كرد بەشداری لە جەنازەكە بكات. محەمەد ئۆجەلان گوتی: "نەخێر، ئەمە جەنازەیەكی ئاساییە و داوایەكی لەم جۆرەی نەكرد. بەڵام داواكاریی خێزانەكەی نازانم ئەو پرسیارە لە خێزانەكەی بپرسن. "لە پرسیارێكی دیكەدا كە هاتووە "باسی پڕۆسەی چارەسەری كرا؟" محەمەد ئۆجەلان گوتی: "بە بەفیڕۆدانی كات ئەم كارانە چارەسەر نابێت. دەوڵەت پێویستە خۆی بگونجێ بەرامبەر بەو یاسایانەی كە دەری دەكا. دەڵێن پڕۆسەی چارەسەری، بەڵام چەندین ساڵە ناهێڵن چاومان بە پارێزەرەكانی بكەوێ. هەم كێشەی یاسایمان هەیە هەم مەسەلەی دادگاییمان لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا هەیە. واتا پڕۆسەی چارەسەری بەم شێوەیە بەردەوام نابێت. تاوەكو 15 ی تشرینی یەكەم چاوەڕێ دەكەین و ئەم قسانە بە شاندەكە دەڵێین و پاشان هیچ شتێك لەمبارەوە ناكەین. دەڵین چارەسەر، بەڵام شتێك وەك چارەسەر نەماوە، پاشان دەڵێن دانوستان، بەڵام شتێكی لەمجۆرەش نییە. ئیتر هیچ شتێك نەما و نامێنێ. عەبدوڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری بەم شێوەیە قسە دەكا."
لە دوای روونكردنەوەكە لەگەڵ خزمێكی حەسەن ئاپەن كە یەكێك لە بەندیكراوەكان لەو دوورگەیەیە لە گەملیك رۆیشتن.