ئەنقەرە
كۆنسوڵی رزگاركراوی توركیا لە موسڵ ئۆزتورك یڵماز بەشداریی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی كرد و باسی بەسەرهاتەكانی 101 رۆژەی بە بارمتەگرتنی كرد.
یڵماز ئاماژەی بەوە كرد كە بە درێژایی ئەو ماوەیە بارودۆخێكی سەختیان بردووەتە سەر و لە بارەی قۆناغی هاتنیان بۆ توركیا، گوتی: "بەڕاستی رزگارمان بوو و بە ئازادی خۆمان گەیشتینەوە. دووبارە بە نیشتمانەكەم شاد بوومەوە."
لە بارەی بەسەرهاتەكان یڵماز گوتی: "بێگومان بە ژیانی بەندیخانە نەدەچوو، چونكە لە بەندیخانە ماوەیەك هەیە كە دەزانی چەند لێی دەمێنییەوە. كاتێك بە بارمتەگیراین نابێت رێگە بە ترسی مردن بدەین، ئەگینا ترسەكە بە سەرمانا زاڵ دەبێت. سەركەوتنی منیش لەم ترسە ئەوە بوو كە یەكەم رۆژ توانیم ئەم ترسە لە ناخم دەركەم. ئەمە جۆرە تەسلیم بوونێكە بە خودا و ئەگەر لە قەدەری مرۆڤ مردن هەبوو، ئەوا دەبێت رازی بێت، لەبەر ئەوە گوتمان نابێت زیاتر بەرگری لە خۆمان بكەین."
ئۆزتورك یڵماز جەختی لەوەش كردەوە كە رێكخراوی داعش بەردەوام شوێنیانی دەگۆڕی و گوتی: "بە گوێرەی ستراتێژی ئەوان بارمتەكان لە شوێنێك ناهێڵنەوە. لە لایەكی دیكە وڵاتێكی بەهێزی وەك توركیا دەزگای هەواڵگری خۆی هەیە و لە هەر شوێنێك زانیاری وەردەگرێت و تواناكانی بەكاردەهێنێت و ئەوانیش ئەمە دەزانن."
ئەوەشی خستەڕوو كە بەسەرهاتەكان وەكو ئەوە وابوو كە لە دۆزەخن و ئاماژەی بەوە كرد كە لەكاتی گواستنەوەیان لە هەر شوێنێكیدا دڕندایەتی ئەوانیان دەكەوتە بەرچاو.لە سەر پرسیاری ئەوەی كە بۆچی پێش هێرشەكەی داعش نەگەڕانەوە توركیا، یڵماز رایگەیاند، كە بارودۆخەكە زۆر بە خێرا گۆڕانكاری بەسەرهات و گوتی: "هیچ كەسێك حسیابی ئەوەی نەدەكرد كە رێكخراوێك بە 4 - 5 رۆژ بگاتە بەغدا."لە پرسیارێكی دیكە سەبارەت بەوەی كە بۆ چی بەرەنگاری هێرشەكەی داعش نەبوونەوە، یڵماز گوتی: "بەرامبەر بە پرسیاری ئەوەی بۆچی شەڕوپێكدادان رووی نەدا بە لای منەوە پرسیارێكی لە جێیە. چونكە بەرامبەر بە كێ شەڕ دەكەی و چەند شەڕ دەكەی و لەگەڵ ئەو رێكخراوەی كە گشت شارەكەی كۆنترۆڵ كردووە و دەوڵەتی دامەزراندووە تا چەند شەڕ دەكرێ؟ هەموو لایەكی كۆنترۆڵ كردووە، ئەم رێكخراوە بنەما و شوێنی مانەوەیان جیاوازە."
ئۆزتورك یڵماز ئاشكرایكرد كە لە لایەن چەكدارانی داعشەوە گرتە ڤیدیۆییەكانی سەربڕینی جێمس فۆلی و داڤید هاینزیان پێ نیشان دراوە و گوتی: "بەڵام ئەمانە ئێمەی نەترساند. یەكەم رۆژ توانیم ئەم ترسە لە ناخم دەركەم."
كۆنسوڵە رزگاركراوەكەی توركیا، هەروەها باسی لە رۆژی یەكەمی هێرشەكەی داعش كرد بۆ سەریان كرد و ئاشكرایكرد كە تاوەكو ژوورەكەی ناخۆشی و گرژی لە نێوان خۆی و چەكدارانی داعش روویدا و گوتی: "ویستیان ژوورەكەم بكەنەوە و گرتەی ڤیدیۆیی بگرن، چەكیان خستە سەر سەرم، حیسابێكیان هەبوو بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەنجام نەدرا و گرتەی ڤیدیۆییان نەگرت و هیچ روونكردنەوەیەكمان نەدا و نەمانهێشت هیچ كارێكی وا بكەین كە توركیا بخاتە بارێكی خراپەوە."
لە پرسیاری چۆن پەیوەندیتان بە دەرەوە كرد یڵماز گوتی: "راستە تەڵەفۆنم لە لابوو، بەڵام زۆربەی كاتەكان دەمشاردەوە."
ناوبراو نەیویست دەربارەی ناوەڕۆكی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنیان زانیاری بدات و گوتی: "دەزگای هەواڵگری بە شێوەیەكی هۆشیار بە باشی كاری كرد. سوپاسی راوێژكاری میتم كرد. سەركۆماریش لە سەرەتاوە بە شێوەیەكی هۆشیار چاودێری رووداوەكەی كرد. سەرۆكوەزیران هەروەك لەگەڵ ئێمە هەستا و خەوت، هەروەها وەزیری دەرەوەش بە هەمان شێوە چاودێری بارودۆخەكەی دەكرد. هەموویان بە شێوەیەكی هاوبەش كارییان كرد."
ئەو هەواڵانەشی بەدرۆخستەوە كە گوایە لە ئۆپەراسیۆنەكە وڵاتانی دیكە هاوكاربوونە و ئاشكرایكرد كە "ئەمە سەركەوتنی توركیایە و ئەوەی بە پێچەوانەوە قسە دەكات ئەوا ناحەقی بەرامبەرمان دەكات."
یڵماز ئاماژەی بەوەش كرد كە لە سەرووی هەموویانەوە منداڵەكان لە بواری تەندروستی و خواردن زەحمەتێكی زۆریان كێشا و جەختی لەوە كردەوە كە لە جەستەی منداڵەكان برین دروست ببوو و قۆناغێكی زۆر سەختیان تێپەر كرد و گوتی: "هەموومان لە تاقیكردنەوەیەك تێپەڕبووین."
ئۆزتورك یڵماز لەو ماوەیەی بەدیلگیرابوو تاوەكو ئێستا 14 كیلۆ لە كێشی لەشی كەمكردووەتەوە.