Hanife Sevinç,Berk Özkan
09 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2021
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەڕێی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە بەشداری رێوڕەسمی کردنەوەی پردی دەڤەگێچیدی کرد کە شارەکانی دیاربەکر- ئەرگانی- ئەلعەزیز بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەردۆغان لە میانەی گوتەیەکیدا باسی لەوە کرد کە ئەم جۆرە پڕۆژانە دەبنە هۆی بەهێز کردنی ژێرخانی تورکیا و بەدیهێنانی ئامانجەکانی وڵات.
سەرکۆماری تورکیا، لە درێژەی قسەکانیدا رەخنەی لە سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوا گرت و رایگەیاند: "ئەو رووداوانەی لەم دواییەدا لە ئەورووپا و ئەمریکا روویاندا، جارێکی دیکە ئەو سیاسەتی دووفاقیەیەی نیشاندایەوە کە بەرامبەر وڵاتەکەمان پیادە دەکرێت".
ئەردۆغان، دەربارەی ئەو پشێویانەشی لە رۆژئاوا دروست بوون، گوتی: "بە عیبرەتەوە چاودێری ئەوانە دەکەین کە تورکیا-یان بە نەبوونی دیموکراسی و سنووردارکردنی ماف و ئازادی تۆمەتبار دەکرد، بەڵام کاتێک خۆیان یەکەمین هەڕەشەیان لەسەر دروستبوو چۆن رێوشوێنی زۆر توندیان گرتەبەر".
سەرکۆماری تورکیا، ئاماژەی بەو هەڵمەتە کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ وەستاندنی هەژماری چەندین کەسایەتی دیار دەستیپێکردوە و رایگەیاند: "ئەوانەی دژی هەوڵەکانمان بوون بۆ بەیاساییکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆیان بوونە توندترین نموونەی سانسۆر کردن".
ئەردۆغان، گوتیشی: "ئەوانەی نەک هەر بەرامبەر تیرۆر، بەڵکو بچوکترین سوکایەتی بەرامبەر خۆیان قبوڵ ناکەن، چەندین ساڵە هەوڵدەدەن رێگری لە بەرەنگاربوونەوەکانی ئێمە دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن".
سەرکۆماری تورکیا، ئەوەشی دووپاتکردەوە کە سەرجەم هەوڵکانی نانەوەی پشێوی لە تورکیا شکستیان هێناوە و رایگەیاند: "سوپاس بۆخوا ئەوانەی هەوڵیان دەدا دووبەرەکی لە نێو گەلەکەماندا بچێنن و لەڕێی سیاسەتی نەزۆک و کاری چەواشەکارییەوە پەلاماری یەکێتی و برایەتیمان بدەن، تا ئەمڕۆ هەر شکست بەشیان بووە".
ئەردۆغان، دەربارەی ئایندەی جیهانیش گوتی: "ئەو بەها هاوبەشە نوێیانەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە هەموو مرۆڤایەتی لەخۆ دەگرن و مرۆڤەکان لەسەر بنەمای رەچەڵەک، باوەڕ، رەنگ و کولتوور لە یەک جیاناکانەوە زیاتر دەبنە شتێکی پێویست. هیوادارین سیاسەت و ئابووری جیهان کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوە هەیە لەم چوارچێوەیەدا بنیاتبنرێتەوە".