ھەولێر
بەر لەڕاگەیاندنی پاکێجەکەی، پارتی ئاشتی و دیموکراتی (بەدەپە) داوای کرد سیستمی ١٠% لەھەڵبژاردنی تورکیا نەمێنێ کە ئەوان بە " بەربەست" ناویان دەبرد.
بەگوێرەی ئەو سیستمە، ھەر حیزبێک لە١٠%ی تەواوی دەنگەکانی تورکیا نەھێنێ بۆی نییە بچێتە پەرلەمان، بۆیە بەدەپە لەکاتی ھەڵبژاردندا کاندیدەکانی بەشێوازی سەربەخۆ دەخستە کێبەرکێی ھەڵبژاردن و دواتر لەپەرلەمان فراکسۆنی دروست دەکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە(٣٠ی ئەیلول) ئەردۆغان لەکاتی ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی پاکێجەکەی لەبارەی سیستمی ھەڵبژاردن گوتی "سیستمی ھەڵبژاردن لە تورکیا دەگۆڕین و گفتوگۆی لە سەر دەکەین. رێژەی ١٠%ی ھەڵبژاردن سیستمێک نییە لە لایەن ئاکەپەیەوە پەیڕەو کرابێ یا ئاکەپە دایڕشتبێ. ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە رێگەچارەیەک دەگەڕێین و دەمانەوێ ئەو رێژەیە بۆ ٥% دابەزێنین، سیستمی ناوچەی بەرتەسککراو پەیڕەو بکەین".
ئەردۆغان لەوبارەیەوە زیاتر درێژەی پێدا " دوای گفتوگۆ کردن لە سەر ئەم چارەسەریانە لە پەرلەمان، گۆڕانکاریی پێویست دەکرێ، لەمەودوا ئەو پارتانە کە ٣% یان بەدەستھێنابێ، دەتوانن سوود لە خەزینەی دەوڵەت وەربگرن. ئێمە سیستمی ھاوسەرۆکایەتیی بۆ پارتە سیاسییەکان پێشنیار دەکەین بە مەرجێک کە لە دوو کەس زیاتر نەبن و کۆسپی بەردەم ئەندام بوون لە پارتە سیاسییەکانیش وەلانێین، ئەو کەسەی مافی دەنگدانی ھەبێ، مافی ئەندام بوونیشی لە پارتە سیاسییەکان دەبێ. پارتە سیاسییەکان دەتوانن بە ھەر زمانێک بۆ خۆیان پرۆپاگەندە بکەن و پەیڕەونامەی ناوخۆیی خۆیان بڵاو بکەنەوە".