عەنتەب
لە وتارێكیدا بۆ ئاوارە سوریەكان لە كەمپی ئاوارەكان، كە لە شارۆچكەی ئیسلاحیە لە شاری عەنتەب نیشتەجێن، سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "بەباشترین شێوە خزمەتی ئاوارەكانیان كردووە و لەخاكی توركیا پەنایانداون."
گوتیشی: "زۆربەی ئەو شتانەی لەدەستمان هات بۆ ئاوارەكان كردوومانە، دەیكەین و بەردەوامیش دەبین. بەڵام بەداخەوە رۆژئاوا تەنیا تەماشاكەرە. كۆمسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەر تەماشا دەكات، تەنیا قسە دەكەن، كاتێك كار هاتە سەر ئیش كردن هیچ ئەنجامێكیان نییە."
ئەردۆغان لە وتارەكەیدا گوتی: "ئێوە كۆچبەرن، بەناچاری وڵاتی خۆتان جێهێشتووە. ئێمەش بووینەتە ئەنسار، ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین. كێ چێ دەڵێت با بڵێت ئێوە هەرگیز نەبوونەتە بار بەسەر شانی ئێمەوە. ئەوروپا تا ئێستا 130 هەزار پەنابەری سوری وەرگرتووە، ئێستاش دەرگاكانی داخستووە. بەڵام ئێمە زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار میوانمان لە خۆ گرتووە."
لە درێژەی وتارەكەیدا ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە وڵاتەكەی چاوی نەبڕیوەتە خاكی هیچ وڵاتێك و بەردەوام لە ئامادە باشیدایە بەرامبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەك كە رووبەڕووی ببێتەوە. ئاماژەی بەوەش كرد كە هیچ كەس گومانی نەبێت لەوەی هەر هەڕەشەیەك رووبەڕووی خاكی سولەیمان پاشا ببێتەوە لە سوریا دەستبەجێ كاردانەوەمان دەبێت.
ئەردۆغان ئەوەشی گوت: "داوامان لە خوا ئەوەیە كە ئەمە دوایین جەژن بێت دوور لە ماڵ و وڵاتی خۆتان بیكەن، بە ئیزنی خوا دۆخی سوریا ئاسایی دەبێتەوە و هەمووتان بە ئاسوودەیی دەگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆتان."
گوتیشی: "زۆر لە نزیكەوە چاودێری پیشهاتەكانی نزیك سنووری وڵاتەكەمان دەكەین. بە وردی و نیگەرانییەوە چاودێری ئەو پەلامارانە دەكەین كە دەكرێنە سەر برایانی كوردمان لە شارو شارۆچكەكان بەتایبەتی كۆبانێ."
هاوكات سەبارەت بە بەستنەوەی كۆبانێ بە قۆناغی چارەسەرییەوە ئەردۆغان گوتی: "برا بەڕێزەكانم بەداخەوە ئێستا دەبینین لەبارەی كۆبانێیەوە هەندێ قسە دەكرێت. لەلایەك دژی مۆلەتی پەرلەمانن كە دراوە بە سوپا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەدەرەوەی سنوورەكانی توركیا. لەلایەكی دیكەوە هەوڵ دەدەن كۆبانی بكەنە بابەتێكی نێوخۆیی توركیا و بیبەستنەوە بە قۆناغی چارەسەرییەوە. دەمەوێت لە ئیسلاحیەوە ئەوە بڵێم؛ توركیا چەندە دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە، ئەوەندەش دژ بە پەكەكە یە."