Abdullah Shukur
26 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2018
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "بە شێوەیەکی راستەخۆ رووبەڕووی تیرۆر، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر و چەندین کێشەی دیکەی جیھانی بووینەتەوە. لە بەرەی پێشەوە بەرەنگاری ئەم کێشانە دەبینەوە کە ھەڕەشە لە ئاسوودەیی و ئاسایشی ناوچەکە و وڵاتەکەمان دەکەن".
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پرۆگرامێکی بەربانگ لەگەڵ ئەندامانی هێزەکانی پۆلیسی ئیستانبوڵ کۆبووەوە.
ئەردۆغان باسی لە بەھێزی رێکخستنەکانی پۆلیس کرد و گوتی: "رێکخستنێکی بەھێزی ئەمنیی بۆ وڵاتەکەمان بژاردەیەک نییە، بەڵکو پێویستییە. چونکە تورکیا لە رووی ھەڕەشەکانی ئاسایش لە نێو جوگرافیایەکی سەخت دایە".
ئەردۆغان گوتیشی: "پێویستە وڵاتەکەمان لە رووی ئاسایش و ھەواڵگریی و سەربازیی بەھێز بێت، ئەمەش نەک تەنھا بە ھۆکاری جوگرافی بەڵکو لە رووی ستراتیژی و بەرەنگاربوونەوەی نێوان ھێزە جیھانییەکانیش، ھەر بۆشایەک لەم بوارانەدا، وا دەکات گەلەکەمان و دەوڵەتەکەمان باجێکی قورس بدەن".
ئەردۆغان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی فەتۆ گوتی: "بە ئاشکرای دەیڵێم لە جیھان تەنھا چەند وڵاتێکی کەم دەتوانێ وەک ئێمە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەرەنگاری ئەم جۆرە پێکھاتانە ببێتەوە کە دزەیان کردووەتە نێو قوڵایی پایەکانی دەوڵەت. تەنھا چەند کۆمەڵگایەکی زۆر کەم لە جیھان دەتوانێ وەک کۆمەڵگای ئێمە سەرکەوتوو بێت بەرامبەر ئەم رووداوە ھەژێنەرانە".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی فەتۆ گوتیشی: "ئێمە بە ھەستی تۆڵە سەندنەوە بەرەنگاری فەتۆ نەبووینەتەوە بەڵکو ھەوڵمانداوە، دادپەروەری بھێتە دی. تا ئێستاش بەم شێوەیە بەردەوامین، ئێمە بۆ ئەوەی خوێنی شەھیدەکانمان بە فیرۆ نەچێت تا کۆتایی بەردەوام دەبین لەم بەرەنگاربوونەوەیە".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "تا ئێستا رێگەمان نەداوە ھیچ کەسێک بە دوای لوقمەی حەلالی گەلەکەمان بکەوێت، ئینشائەڵا لەمەودواش وا بەردەوام دەبین. کاتێ کە وڵات و ئابووریمان بەھێز دەکەین، وا دەکەین کە ھەموو کەسێک بە دادپەروەرانە بەشی خۆی وەربگرێ".
ئەردۆغان ئاماژەی بە پاراستنی ئەمنییەتی ھەڵبژاردنەکان کرد و گوتی: "لە رووی پاراستنی ئەمنییەتی ھەڵبژاردن گەورەترین ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە وەک پۆلیس. نامووسی گشت دەنگەکان ھی ئێوەیە. من باوەڕم بە ئێوە ھەیە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "٢٨ رۆژی بەردەممان، دەبێتە قۆناغێکی ماندووکەر بۆ ھەر یەکەیەکی دەوڵەتەکەمان. بە دڵناییەوە کەسانێک بۆ ئەوەی پەڵە لە دیموکراسی تورکیا بدەن، رێگای جیاواز دەگرنەبەر، لەم باوەڕە دام کە گشت دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەرکی سەر شانیان بە جوانترین شێوە جێبەجێ دەکەن و ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنین".