17 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2021
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە شاری ئەنقەرە کرد و لەڕێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسیشەوە بەشداری لە حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاک پارتی لە شارەکانی ئۆردو و ئورفا کرد.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا هەرگیز دەستبەرداری شکۆی خۆی نابێت و رایگەیاند: "بەکوێرایی چاوی ئەوانەی بوونەتە داردەستی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، ئەم خەباتەمان لەگەڵ گەل و لە پێناوی گەل ئەنجامدەدەین. ئەوانەی لەپێناو راگرتنی دڵی هاوپەیمانەکانیان، ناتوانن ئیدانەی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بکەن، مافی ئەوەیان نییە باسی مرۆڤایەتیمان بۆ بکەن. بەڕێز کڵچدارئۆغڵو دەتوانێت رۆژێک بەم تیرۆریستانە بڵێت "تیرۆریست"؟ نا ناتوانێت چونکە لەگەڵیان هاوبەشە. بەڵام ئێمە ئەم تیرۆریستانە لەناودەبەین. بەڕێز کڵچدارئۆغڵو و لایەنگرانی کە دەڵێن 'درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا بە رێکخراوی تیرۆرستی نازانین' چیتر مافی ئەوەیان نییە دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وانە فێری ئێمە بکەن. ئەو کەسەی بۆ رفاندنی ئەنجامدەرانی رووداوەکانی ٦-٨ی تشرینی یەکەم کە تیایدا چەندین هاووڵاتیی بێتاوان بوونە قوربانی، پەرلەمانتارەکانی لە شارۆچکەی سیلیڤری ریز کرد، ناتوانێت باسی ویژدانمان بۆ بکات. ئێمە بۆ خۆشیرینکردن لای دوژمنانی گەل و وڵات سیاسەت ناکەین، بەڵکو بۆ خزمەتکردنی گەلە خۆشەویستەکەمان سیاسەت دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا، جەختی لەوەش کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک رادەستکردنی خاک بە تیرۆریستان قبوڵ ناکەن و گوتی: "ئەم نیشتمانە ئازیزەمان بە رۆحمان دەپارێزین و رادەستی فەتۆی ناپاک، پەکەکەی بکوژ و دڕندەکانی داعش-مان نەکردوە و نایکەین".
ئەردۆغان دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند: "هەتا بنەبڕکردنی تیرۆر و چارەسەرکردنی ریشەیی پرسی تیرۆر لە وڵاتەکەماندا، خەباتمان بەردەوام دەبێت".