ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامێكدا بە بۆنەی یادی رووداوەكانی 1915ەوە، سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی ئەرمەنییەكان كرد و رایگەیاند: "بەشداریكردن لەگەڵ ئەرمەنییەكان لە یادكردنەوەی ئەو ئازارانەی رووبەڕوویان بووەتەوە، ئەركێكی مرۆییە".
ئەردۆغان لە پەیامەكەدا دەڵێ: "بەرواری 24ی نیسان كە هەڵگری واتای تایبەتە بۆ هاوڵاتییانی ئەرمەنی توركیا و هەموو جیهان، دەرفەتێكی گرنگە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەبارەی ئەو پرسە مێژووییەوە بە ئازادانە"،
ئەمە بۆ یەكەم جارە لە مێژووی توركیا سەركردەیەكی توركیا پەیامی سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئەرمەنییەكان دەكا.
سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختیش دەكاتەوە كە ناكرێ نكۆڵی لەوە بكرێ دوا ساڵەكانی تەمەنی ئیمبراتۆرییەتی عوسمانی، سەردەمێكی پڕ لە ئازار بوو یۆ هاوڵاتییانی عوسمانی تورك و كورد و عەرەب و ئەرمەن و ملیۆنەها هاوڵاتی دیكە، بێ رەچاوككردتی جیاوازی ئایینی و نەتەوەییان و گوتی: "هەڵوێستی مرۆیی و ویژادانی راست ئەوەیە هەمووان لەو ئازارانە تێبگەین كە لەو ماوەیە روویانداوە بەبێ رەچاوكردنی ئایینی و نەتەوەیی".
لە پەیامەكەی سەرۆكوەزیرانی توركیا لەبارەی رووداوەكانی 1915ی تایبەت بە ئەرمەنییەكان، هاتووە "هیوادارم ئەو ئەرمەنییانەی لەمیانی ئەو بارودۆخەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا رووی لە ناوچەكە كرد گیانیان لەدەستدا، بە ئارامی بنوون"، هەروەها سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی نەوەكانیان كرد.
ئەردۆغان لە پەیامەكەیدا كە لەسەر مالپەڕی سەنتەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی وەزیران بڵاو كرایەوە، هیوای خواست ئەو گەلە رەسەن و بێ وێنانەی ناوچەكە، كە دابونەریتی هاوشێوەیان هەیە، بتوانن تێگەیشتووانە یاس لە رابردوویان بكەن و بەشێوەیەكی شایستە یادی رۆڵە لەناوچووەكانیان بكەنەوە.
باسی لەوەش كرد كە تێگەیشتن و بەشداریكردن لەگەڵ ئەرمەنییەكان لە یادكردنەوەی ئەو ئازارانەی وەك هەموو هاوڵاتییانی دیكەی ئیمبراتۆرییەتی عوسمانی لەو سەردەمە سەختەدا رووبەڕووی بوونەتەوە، ئەركێكی مرۆییە.
راگەیاندراوەكە بۆ هەریەك لە زمانەكانی ئێنگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، روسی، عەرەبی، ئەرمەنی رۆژهەڵات و ئەرمەنی رۆژئاوا وەرگێڕا و بڵاو كرایەوە.
لە سەرەتای سەدەی 20. بەهۆی شەڕی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و وڵاتانی دەورووبەر، ژمارەیەكی زۆر لە ئەرمەنییەكان، بە یاسایەكی پەرلەمان لە ژێر ناوی "یاسای تەهجیر" بە مەبەستی جێگۆڕینی نەتەوە نا موسڵمانەكان، ناچار كران كۆچ بكەن، بەشێكی زۆریان لەو پڕۆسەیەدا بە هۆی بارودۆخی ئەو كاتەەوە رووبەڕووی ژیانێكی سەخت و دژوار بوونەوە گیانیان لەدەستدا.