ئەنقەرە
ئەو شانۆیە بە ئامادەبوونی سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) سەباحەت تونجەل و جێگری سەرۆکی ئەو پارتە ئەرتوگورلو کورکچو و پەرلەمانتاری سەربەخۆی ماردین ئەحمەد تورک پێشکەشکرا.
ئەو شانۆیە کە ھونەرمەند فەرھاد کەسکین کاری دەرھێنانی کردووە، رووداوی زەماوەندێکی خوێناوی دەگێڕێتەوە، کاتێک بووک لەلایەن خۆشەویستی پێشووی دەڕەفێندرێ، ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی دوژمنایەتی لەنێوان دوو خانەوادە.
ھەریەک لە ئۆزجان ئاتەش ئەکتەری تیپی شانۆیی شارەوانی گەورەی دیاربەر، رێزان قایا، یاوز ئاکوزو، بەفرین ئەمەکتار، ئەلڤان کۆچەر، ئەمین یاڵچین قایا، لەیلا باتگی، گولە ئولوسۆی، محەمەد موسا ئۆغڵو و چەندین ھونەرمەندی شانۆیی بەناوبانگ بۆ یەکەم جار لەسەر شانۆیی ئەنقەرە ئامادەبوون. لەھەمان کات دوو ھۆزاڤانیش بە دەنگەکانیان شانۆکەیان رازاندەوە.
ئەو شانۆیە کە تیایدا دەرھێنەری کورد فەرھاد کەسکین شانۆکەی بە دەنگی ھۆزانڤان و ھەڵپەڕکێیە کوردیەکان دەوڵەمەندتر کرد، لەلایەن ھەزاران کەس بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لە لێدوانێکی بۆ AA پەرلەمانتاری سەربەخۆی ماردین ئەحمەد تورک ئاشکرایکر کە زۆر خۆشحاڵە بە رۆڵی ئەکتەرەکان و سیناریۆی شانۆکە راستیەکی ئەو خاکەیە کە ئێمە لەسەری دەژین. لەمبارەیەوە گوتی: " چەندین رووداوی مێژوویی لەسەر ئەو خاکە روویانداوە. ئەو راستیە، راستیەکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کورد و ئەو خاکەیە. شانۆیەکە لەگەڵ زمان و کلتووری کوردی گونجاوە. ھیوادارین ھونەر و کلتووری کوردی بە گوێرەی ھەڵومەرجی جیھان پێشکەوێ، ھەروەھا پەروەردەش بە زمانی کوردی بکرێ. کاتێک پەروەردەی کوردی ھەبێ، ئەدەبیات، پەروەردە، کلتوور و چەندین بواری دیکەوە لەخۆیانەوە پێشدەکەون."
تورک رایگەیاند کە ئەوان خوازیارن ھەموو جیھان بە راستی و کلتووری کورد ئاشنا بێ و گوتی: " پێویستە ھەموو گەلان بزانن کە کوردیش زمانی خۆی ھەیە، خاوەن کلتوورن و بە زمانی خۆیان شانۆ پێشکەش دەکەن."
لەدوای تەواوبوونی شانۆکە پەرلەمانتاری ئەستەنبۆڵ و سەرۆکی (ھەدەپە) سەباحەت تونجەل پیرۆزبایی لە ئەکتەرەکان کرد، ئاشکراشیکرد کە ئەو لەمەوپێش شانۆی ھامڵێتی بە کوردی لە دیاربەکر بینیووە، بێجگە لە زەماوەندی خوێناوی، دوو شانۆی کوردی بینیووە. لەوبارەیەوە تونجەل گوتی: " پێموایە مەسەلەی بەیەکەوە ژیانی گەلان لە تورکیا، لەیەک تێگەیشتن و پەیوەندی کلتووری نێوانیان مەسەلەیەکی زۆر گرنگە. ئەگەر چی زۆربەی ئامادەبووان کوردبوون، بەڵام پێویستە تورکیش بێن و سەیری ئەو شانۆیە بکەن."
ئۆزجان ئاتەش کە رۆڵی لیۆناردۆ لەو شانۆیە دەبینێ و خۆشەویستی پێشووی بووک دەڕفێنێ، ئاشکرایکرد ئەو تا ساڵی ٢٠٠٠ بە زمانی تورکی شانۆی دەکرد، بەڵام بەردەوام شانۆی کوردی لە خەیاڵی ئەودا ھەبووە. جاری یەکەم لە ساڵی ٢٠٠٣ رۆڵی مورادخان مونگانی لە شانۆی تازیە بینیووە و گوتی: "لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ تا دەکاتە ئەمڕۆ بەردەوام لە شانۆی کوردی رۆڵم بینیووە. کاتێک بەشداری لە شانۆی کوردی دەکەم، گیانم ھاوکارمە و بە سادەتر رۆڵەکەم دەگێڕم. تەنیا بە کرمانجی نا بەڵکو بە زازاکیش شانۆم پێشکەش کردووە. لە رۆژانی داھاتووش شانۆیەک بۆ منداڵان پێشکەش دەکەین."
ئاتەش پێیوایە پڕۆسەی چارەسەری کاریگەری باشی لەسەر شانۆی کوردی بەجێھێشتووە و گوتی: "ئەو پڕۆسەی لە ساڵی رابردوو تا ئەمڕۆ بەردەوامە، ساڵی رابردوو لەکاتی پێشکەشکردنی شانۆی ھاملێت قەرەباڵغی و دڵخۆشیەکی گەورەم بەدیکرد، ھەست بەو جیاوازیە دەکەم. لە بواری ھونەر و ئەدەبیات کەشێکی زۆر خۆش ھاتۆتەئاراوە. مرۆڤ زۆر بە ئاسانی لەیەکتر تێدەگەن."