Islam Doğru
23 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2023
نیویۆرک - AA
باڵیۆزی ئۆکراینا لە واشنتۆن، ئۆکسانا مارکارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بۆ ئاسایشی کورت مەودا و درێژ مەودا، پێویستی بە فڕۆکەی جەنگیی F-16 هەیە.
ئۆکسانا مارکارۆڤا لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی کۆلێجی بۆستۆن لە ویلایەتی ماسەشوستس، گوتارێکی پێشکەش کرد.
باڵیۆزی ئۆکراینا لە واشنتۆن، ئۆکسانا مارکارۆڤا باسی لە مشتومڕەکانی پێویستی ئۆکراینا بە فڕۆکەی جەنگیی F-16 کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم فڕۆکانە زۆر گرنگن بۆ ئاسایشی کورت مەودا و درێژ مەودای وڵات.
گوتیشی: ''بێگومان ئەمە توانایەکی بەرگرییە کە پێویستمانە، تەنانەت دوای بردنەوەی جەنگیش رووسیا ناچێت بۆ هیچ شوێنێک. دەبێت بەردەوام بین لەسەر پاراستنی ئۆکراینا و ئەورووپا''.
ئۆکسانا مارکارۆڤا باسی لەوەیش کرد کە ئەمریکا هاوکار دەبێت لە مەشق و راهێنان بە فڕۆکەوانەکان لەسەر فڕۆکەی F-16 لە ئۆکراینا، بەڵام زانیاری لەبارەی ئەوە نەخستەڕوو کە کێ، چ کاتێک و چۆن ئەم فڕۆکانە دابین دەکات و وڵاتەکەی چ کاتێک بەکاریان دەهێنێت.
باڵیۆزی ئۆکراینا لە واشنتۆن ئاماژەی بەوەیش کرد کە وڵاتەکەی خۆشحاڵە بە پشتیوانی دیموکرات و کۆمارییەکانی کۆنگرێس بۆ وڵاتەکەی.