Mazın Asad
22 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2016
سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی جمھوریەت جان دوندار بە تۆمەتی "چاپکردن و بڵاوکردنەوەی روونکردنەوەکانی رێکخراوانی تیرۆر" لەکاتێکدا ناوبراو رۆژێک ھاوسەرۆکایەتی رۆژنامەی ئۆزگور گوندەمی کرد کە بۆ ماوەیەک بە تۆمەتی "بانگەشەکردنی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی" داخرابوو، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا. بەم پێیەش بێ ئامادەبوونی دوندار قۆناغی دادگاییکردنی دەستی پێکرد.
لە دانیشتنی دادگای ٢٢ی سزای قورسی ئیستانبوڵ، گومانلێکراو جان دوندار بەشدار نەبوو کە تەنھا پارێزەرەکەی ئامادە بوو.
سەرۆکی دادگاکە، فیکرەت دەمیر رایگەیاند نووسراوێکی دادگا بۆ ناونیشانی جان دوندار نێردراوە، بەڵام ناوبراو لە دەرەوەی وڵاتە و نووسراوەکەش بە ھاوسەرەکەی دراوە.
پارێزەری دوندار، عەباس یاڵچن ئاماژەی بەوە دا کە جان دوندار لە دەرەوەی وڵاتە و بەھۆیەوە داوای کرد لە دەرەوەی وڵاتەوە بەشداری لە دانیشتنەکە بکات.
داواکاری گشتی ئیستانبوڵ، ئەرۆڵ دەمیرتاش بە مەبەستی وەرگرتنی ئیفادەی دوندار داوای دەستگیرکردنی بۆ دوندار پێشکەش بە دادگا کرد.
بەھۆی ئەوەی دوندار لە دەرەوەی وڵاتە و لە میدیاکاندا باس لە نەگەڕانەوەی بۆ وڵات دەکرێت، دەستەی دادوەران بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دوندار دەرکرد و دانیشتەکەیان بۆ کاتێکی دیکە دواخست.
جان دوندار پێشتر بەھۆی دۆزی "بارھەڵگری میت" زیندانی کرابوو و دوای دەرچوونی لە بەندیخانە بۆ دەرەوەی تورکیا ھەڵاتبوو.