Ramal Mahmood
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2016
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن، رایگەیاند ئامانجی تورکیا پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێشگرتنە لە پێکدادانی نەژادی، مەزهەبی و پشتگیریکردنی قۆناغێکی راگوزەری سیاسییە کە هەموو سوورییەکان لە خۆ بگرێت.
کاڵن لە وتارێکی بەناوی "لووتکەی G20 و هەڵوەستەی جیۆپۆلەتیک" کە لە رۆژنامەی Daily Sabah بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە لە کۆبوونەوەی یانزەهەمی لووتکەی سەرکردەکانی G20 کە لەشاری هانگژۆی چین بەسترا، سەرکردە هەرە مەزنەکانی ئابووری بە تێروتەسەلی گفتوگۆیان کردووە لەبارەی رەوشی ئابووری جیهان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
کاڵن سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە ٢٤ی ئاب ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی دەستپێکردووە و بەمەبەستی پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی سووریا کە هاوسنووری تورکیان لە داعش و لە ئەنجامیشدا هەزاران هاووڵاتی لەنێوان عەزاز-جەرابلوس بە پەلە پڕووزە ئازاد کرد. هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی ئومێدبەخشین و ورە خستنە بەر سوپای سووریای ئازاد کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا تووشی شکستی زۆر ببوو.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاندووە کە رێککەوتننامەیەک ئاسانکاری دەکات بۆ گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بە حەلەب لەبەشی باشوور لە دیمەشقەوە و لەبەشی باکووریشەوە لە تورکیاوە، بەدووریشی نەزانی کەشێکی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ دانوستانی سیاسیی لەنێوان رژیم و ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان.
کاڵن، بەمجۆرە کۆتایی بە وتارەکەی هێناوە "ئامانجی تورکیا لە سووریا روونە. پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێشگرتن بە پێکدادانی نەژادی، مەزهەبی و پشتگیریکردنی قۆناغێکی راگوزەری سیاسییە کە هەموو سوورییەکان لە خۆ بگرێت. بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی پەکەکە، تورکیا شەڕ لەگەڵ کورد لە سووریا ناکات. پەکەکە تەنها خۆی و چەکدارانی یەپەگە لە سووریا دەپارێزێت. ئەوە ناهەقییەکی گەورەیە کە وای نیشان دەدەن ئەوان لە پێناو کورد لە سووریا شەڕ دەکەن. تورکیا کێشەی لەگەڵ کورد لە سووریا، عێراق و ئێران و هیچ جێگەیەکی دیکە نییە. کێشەی تورکیا لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکانە جا لە هەر کوێ بن. وەک چۆن رووبەڕووبوونەوەی داعش رووبەڕووبوونەوە نییە لەگەڵ مسوڵمانان. رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەکەکە و باڵی پەکەکە لە سووریا شەڕکردن نییە لە دژی کورد".