Adem Demir
14 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2018
ئیستانبوڵ - AA
پارێزگاری ئیستانبوڵ، ڤاسیپ شاھین رایگەیاند، بەھۆی چالاکییەکانی ١٥ی تەمووزەوە، سبەینێ لە کاتژمێر ١٤:٠٠ەوە پردی شەھیدانی ١٥ی تەمووز بەڕووی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێت.
شاھین بەیاوەری سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ، مەولود ئویسال سەردانی کۆتەڵی شەھیدانی ١٥ی تەمووزی لە بەری ئانادۆڵوی شاری ئیستانبوڵ کرد و مۆزەخانەی شەھیدانی ١٥ی تەمووزیشی بەسەرکردەوە کە تاکو ئێستا بیناسازییەکەی بەردەوامە.
شاھین لەو شوێنە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رێوشوێنی پێویست بەمەبەستی بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی ١٥ی تەمووز گیراوەتەبەر و رایگەیاند،"بەھۆی چالاکییەکانی ١٥ی تەمووزەوە، سبەینێ لە کاتژمێر ١٤:٠٠ەوە پردی شەھیدانی ١٥ی تەمووز بەڕووی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێت. بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان ئاگاداری ئەم خاڵە گرنگە بن و بەم پێیەش پرۆگرامەکانی خۆیان رێکبخەن".
شاھین لەبارەی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە گوتی: "بۆ رۆژی ١٥ی تەمووز رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر. لەم چوارچێوەیەشدا، ٢١ ھەزارو ٧٨٠ پۆلیس خراوەتە بەر ئەرک. پرۆگرامەکە زۆر بە وردی ئامادەکراوە. ساڵی رابردووش بە ھەمان شێوە رێوشوێنی پێویست گیرابووە بەر، بەڵام ئەمساڵ زۆر بە وردی ئامادەکارییەکان رێکخراون".
لای خۆیەوە سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ، ئویسال رایگەیاند کە رووداوەکانی ١٥ی تەمووز نابێت ھەرگیز لەبیر بکرێن. گوتیشی: "جارێکی دیکە سبەینێ دەبینین کە چۆن شەھیدانی ١٥ی تەمووز بۆ بەرز راگرتنی وڵاتەکەمان و داھاتووی ئێمە، چیان کردووە. ئەگەر ئێمە ١٥ی تەمووز لەبیر نەکەین و ھەمیشە بە زیندووی رایبگرین، ئەوا ھەرگیز رووداوی ھاوشێوە رووناداتەوە".