Sarp Özer
18 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند "هەرگیز رێگە نادرێت شنگال ببێتە قەندیلێکی نوێ".
خولوسی ئاکار لە دانیشتنی پەرلەماندا سەبارەت بە بوودجەی وەزارەتی بەرگریی، زانیاریی خستەڕوو و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
وەزیری بەرگریی تورکیا تیشکی خستەسەر ئەوەی چالاکییەکانیان لە منبج، بە ئاراستەی ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی لەسەر ئاستی جۆراوجۆر لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجامیانداوە و لە چوارچێوەی نەخشەڕێگای منبج و پرەنسیپە ئەمنییەکان، ئەنجامدەدەن و رایگەیاند:
"ئامانجمان لێرە؛ چۆڵکردنی تەواوەتیی منبجە لە لایەن پەکەکە/یەپەگەوە، کۆکردنەوەی چەکە قورسەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە لەو گرووپانەی چالاکی توندوتیژیی ئەنجامدەدەن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە، رادەستکردنی ئیدارەی شارەکە بە منبجییەکان و لە کۆتاییشدا گەڕانەوەی سوورییەکان لە دڵنیاییدا بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان. سەرەڕای ئەوەی بەڵێن لە لایەن ئەمریکاوە دراوە کە پەکەکە/یەپەگە لە منبج دەربکرێن، بەڵام رێکخراوی تیرۆریستیی لە شارەکە چاڵی هەڵکەندووە، سەکۆی ئامادەکردووە. لە نزیکەوە چاودێریی بابەتەکە دەکرێت و ئەگەر بێت و ئەو بەڵێنانەی کە دراون جێبەجێنەکرێن، هاوشێوەی شوێنەکانی دیکە کە کات و شوێنی هات، تیرۆریستانی ئێرەش لەو چاڵانەی هەڵیانکەندووە، دەنێژرێن".
خولوسی ئاکار باسی لەوەشکرد بە پشتیوانیی وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کە تورکیاش یەکێکە لێیان، سەرکەوتنی گەورە دژی داعش لە عێراق بەدەستهێنراون و تیشکی خستەسەر ئەوەی لە شەڕی دژی داعشدا گەیشتوونەتە کۆتایی، بەڵام پەکەکە لە باکووری ئەو وڵاتە درێژە بە بوونی خۆی دەدات و گوتی:
"چاوەڕوانییمان لە حکوومەتی عێراق ئەوەیە کە هاریکاریی لەگەڵ ئێمەدا ئەنجامبدات بۆ ئەوەی کۆتایی بە بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی پەکەکە بهێنرێت لەسەر خاکی ئەو وڵاتە. بە گرنگییەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق، سووریا و سەرجەم دراوسێیەکانمان دەگرین، بەڵام لە پێناو ئاسایشی وڵات و گەلەکەماندا، تا ئەو کاتەی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لەو شوێنانەی بوونیان هەیە بە تەواوەتی پاکدەکرێنەوە، ئۆپەراسیۆنەکانمان درێژەیان دەبێت".
وەزیری بەرگریی تورکیا هەروەها گوتی: "لەوچوارچێوەیەدا، رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شنگال و چیای قەرەچووغ لە باکووری عێراق ئەنجامدراوە کە لە لایەن تیرۆریستانەوە وەک بنکە بەکاردەهێنرێت. وەک هەمیشە لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنەشدا، هەموو هەستیارییەک نیشاندراوە بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی و ژینگە زیانی بەرنەکەوێت. هەرگیز رێگە نادرێت شنگال ببێتە قەندیلێکی نوێ".