Kosar OSMAN
14 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2016
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو دوای راگەیاندنی بۆردومانکرانی داعش و کوژرانی 200 چەکداری رێکخراوەکە گوتی: "لەمەودوا هەر دەستێک هەوڵی تێکدانی تورکیا بدات، یان هێرش بکاتە سەر گەلانی تورکیا و گەشتیارانی، ئەوا لە بەرامبەردا سزای خۆی وەردەگرێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆبوونەوەی باڵیۆزەکان کە لە کۆشکی چانکایا بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو لەبارەی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ کە 10 کەس بەهۆیەوە بوونە قوربانی بەمشێوەیە دوا: "بێگومان هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر تورکیا بێ دوودڵی وەڵام دەدرێتەوە. هەر لایەنێک بیەوێت زیان بە گەلانی تورکیا، یان گەشتیارانی بگەیەنێت و کردەی تیرۆریستی رێکبخات، ئەوا باجەکەی دەدات. دوێنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەمەڕ بەرپەرچدانەوە گوتم، لەکاتی گونجاو و بە شێوازی گونجاو ئەو دەستانە دەبڕین کە بۆ تورکیا درێژکراون. دەمەوێ لێرە بۆ تەواوی گەلی تورکیا روونی بکەمەوە. هەر لە رۆژی سێشەممە، دوای کردە تیرۆریستییەکە بە چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بە بەڵگەی تەواوەوە دڵنیابووینەوە لەوەی داعش لە پشتی ئەم کارەوەیە. ئەوە بوو رێنماییمان بە هێزەکانمان دا بە مەبەستی بۆردومانکردنی پێگەکانی داعش لەڕێی تۆپ و تانکەوە. هێزەکانمان لەماوەی 48 کاتژمێردا بۆردومانی چڕی پێگەکانی داعشیان لە بەعشیقەوە، هەروەها لە سنوورەکانی سووریاوە کرد. لەمیانەی ئەم بۆردومانانە 200 چەکدار و بەرپرسی داعش کوژران کە ژمارەیەکیان خاوەن پلەی گرنگن لەناو رێکخراوەکەدا. ئیجا دووبارەی دەکەمەوە، لەمەودا هەر لایەنێک بیەوێت دەست بۆ تورکیا درێژ بکات، بێگومان باجەکەی دادەنێت".