ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە كۆبوونەوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە روونكردنەوەیەكی دا و رایگەیاند كە لەسەرتاوە جەختیان لە سەر سیاسەتی هاوسەنگی نێوان سەربەخۆیی و ئاسایش كردووە و لەسەر پیادەكردنی ئەو چەمكانەش بەردەوام دەبن.
داودئۆغڵو دوای روونكردنەوەكە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بە پرسیارێك كە رۆژنامەنووسێك پرسی: "هەرێمی كوردستان دەیەوێ لە توركیاوە پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی یەپەگە لە كۆبانێ رەوانە بكات. دوێنێ سەرۆكی فەڕەنسا بانگەوازی كرد بۆ كردنەوەی سنوورەكانی توركیا، ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە بە فشاری نێودەوڵەتی مامەڵە ناكەن، بەڵام دەرگای سنوور تاوەكو ئێستا داخراوە یاخود نا؟ دوێنێ سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی: "رێگا بدەن بە تفی خۆمان بخەكێن. هەروەها گەر حكومەت بڵێ پەیوەندی بە ئێمە نییە، ئەوا حكومەتی ئێمە نییە؟
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد "پێش هەموو شتێك پێویستە ئاڵۆزییەكان لە مێشكی خەڵك لابردرێ" و گوتی:"بە ئاشكرا رایدەگەنم كە نامانەوێ تەنانەت هاوڵاتێكیشمان بۆ شەڕكردن روو لە سوریا بكات. ئەوانەی كە دەیانەوێ بە نافەرمی بڕۆن هەوڵ دەدەین رێیان لێ بگرین. رێگادان بە چوونی هاووڵاتیانمان بۆ ریزەكانی داعش، سوپای ئازادی سوریا، لایەنگرانی پەیەدە و گروپەكانی دیكە پێچەوانەی یاساكانی دەوڵەتە. سەبارەت بە روونكردنەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش ئەوە دەڵێم، وا دابنێین گروپێك دەڵێ لە كۆبانێ خزم و كەسم هەیە دەچمە ناو یەپەگە، بە هەمان شێوە لە ئاكچەكەلە هاووڵاتییە عەرەبەكانمان بڵێن خزم و كەسمان لە سوریا هەیە و بیانەوێ بۆ سوریا بچن و هاووڵاتییە توركمانەكانمان بڵێن خزم و كەسمان لە بایربوجاك و چۆبان بەی هەیە بیانەوێ بۆ سوریا بچن، ئێمە بەرپرسیارین لە پارێزگاریكردنی ئاسایشی ئەوان، ئەم هاووڵاتیانەمان لە سوریا لەوانەیە بەرامبەر بەیەك یاخود بەیەوەكەوە شەڕ بكەن، شتێكی لەم جۆرە چۆن قەبول دەكرێت؟"