ئەنقەرە
سەرەتا داودئۆغڵوو ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا وڵاتێکی دامەزراوەیی دیموکراسییە و سیستەمی دەوڵەتی بەهێزە، هەر بۆیە پۆستی سەرکۆماریی لە چوارچێوەی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتدا باسیان لێوە ناکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە گەل ئێستا خوازیارە لایەنەکان لەگەڵ یەکدا قسە و راوێژ بکەن، ئەگەر ناکۆکیشیان هەبوو بە شەخسی نەکرێت، بۆیە داوای لە هەموولایەنەکان کرد کە بەئاراستەی بەدیهێنانی ئەو خواستەی گەل هەنگاو بنێن.
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە هەتا ئەو رۆژەی حکوومەت پێکدەهێنێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی نێو پەرلەمان بەیەک مەودا مامەڵە دەکات و پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم پارتەکاندا دەبەستێت و گوتی: "بۆ چاوپێککەوتن لەگەڵ هەر پارتێکی نێو پەرلەماندا، چەند هاوەڵێکمان لەناو پارتەکەماندا دەستنیشان کردووە و دەسەڵاتی چاوپێککەوتنمان پێداون لەگەڵ پارتەکاندا و دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان پێ دەڵێن و ئەوکات ئەگەر پێویست بوو خولی دووهەمی چاوپێککەوتنەکان دەست پێ دەکەن. تیمەکانمان زۆر گەرموگوڕن، ئەگەر داوا هەبوو لەسەر ئاستی سەرکردەکان چاوپێککەوتن ئەنجام بدرێت، ئەوە بە نەرێنییەوە ناڕوانینە ئەو داوایە".
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئەو دەنگۆیانەی کە ئاکپارتی و دەسەڵات تۆمەتبار دەکەن بە زیانگەیاندن بە پرۆسەکە، داودئۆغڵو گوتی: "ئەگەر زیان بە پرۆسەکە گەیشتبێت، ئەو کەسانە زیانیان پێ گەیاندووە کە بڕیار بوو گرووپەکانی چەکداریان لە ئایاری ٢٠١٣دا تورکیا جێبهێڵن و بەڵام نەیان کرد" ناوبراو لە کۆتاییدا گوتی: "لەو کاتەوە هەتا ئێستا بە ئارامییەوە چاوەڕێمان کرد کە ئەو گرووپە چەکداریانە تورکیا بەجێ بهێڵن. هەمووکات داوامان کرد و هیچ پاشگەز نەبووینەوە لە هەوڵەکانی دیموکراتیزەبوون. ئێستاش پاشگەز نابینەوە لە بەجێ گەیاندنی داواکانی سەرەکی گەلەکەمان لەبارەی مافەکانی دیموکراسییەوە بەڵام (روونکردنەوەکانی کەجەکە) لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەشدا هیچکات راناوەستین و هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر لە بەرامبەریدا".