ئیستەنبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی کەناڵی تی ئار تیدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایهوه.
لهم بارهوه داودئۆغڵو له وهڵامی پرسیارهكاندا گوتی: "بۆ یەکەم جار کە سەردانی ھەولێرم کرد و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی دیدارم ئەنجامدا، کەمی مابوو لە تورکیا قیامەت ھەڵسێ. بە ھۆی ئەو شتانەوە ئێمە ھەمیشە ھەوڵمانداوە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردانی ناوخۆی تورکیا و کوردانی بەشەکانی دیکە باشتر و بەھێزتر بکەین و ئێستاش ههموومان ئەنجامی ئەو ھەوڵانە دەبینین. ئەگەر ئێمەش وەکو ئەوانی دیکە ترساباین و وشەی کوردستانمان بەکار نەھێنابایا، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەستووری بنەڕەتی عێراقدا وشەی کوردستان بە رەسمی بەکار ھێنراوە، ئایا دەمانتوانێ لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بدەین؟ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە نێو ھەموو پڕۆپاگەندە و تەشھیر کردنەكان و لەسەر داوەتی سەرۆکوەزیرانی توركیا سەردانی دیاربەکری كرد و من بۆ خۆم لە شاری وان پێشوازیم لە نێچیرڤان بارزانی کرد، نەتەنیا تورکیا پارچە نەبوو، بەڵکو یەکێتی تورکیا بەھێزتر بوو."
داودئۆغڵو له بهردهوامی قسەکانیدا گوتی: "پێویستە ئەو راستییە قەبووڵ بکەین کە ئەو سنوورانە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە لە نێوانماندا کێشراون. کاتێک کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ھەڵوەشێنرایەوە کۆماری تورکیا دەرکەوت، ئەو سنوورانەش ئەو کاتە بە پێی پەیمانی لۆزان کێشراون، بۆیە ئەو سنوورانە سنوری ئێمە نین، پێویستە ئەو راستییەیش قەبووڵ بکەین کە لەم دیو و ئەو دیوی سنوردا خەڵک خزم و کەسوکاری ھەیە. بۆیە پێویستە ئێمەیش بە چاوی ھەڕەشە یا بە چاوی دوژمن بوون سەیری ئەو پەیوەندییە خزمایەتییانە نەکەین. لە کاتێکدا کە تورکیا لە نێو سنوورەکانی خۆیدا شتێکی وای دەکرد لە شوێنەکانی دیکەدا لە نێو یەک شاردا دانیشتوان دەستیان بە ھەڕەشە کردن لە یەکتر کرد و توندڕەوی سەری ھەڵدا."
لە بارەی ھاوکاریکردنی پەکەکە لە شەڕی دژی داعش داودئۆغڵو گوتی: "ئەگەر لە عێراق یا لە سوریا دەوڵەتێک ھەبوایا بۆ ئەوەی بە موخاتەب وەرگیرابا، ئەوا کاتێک کە تورکیا سەرقاڵی چارەسەری پرسێکی ناوخۆیی لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدابوو، سنوورەکان دەبوونە ھەڵ یا دەرفەتێکی راستەقینه، بەڵام وا نەبوو بەداخەوە کە حاڵی حازر نە لە عێراق و نە لە سوریا دەوڵەتێک نییە بتوانین بکەینە موخاتەبی خۆمان تەنیا شەڕی ئاینی ھەیە. بۆ ئەوەی بارودۆخێکی بەو جۆرە سەرھەڵنەدا زۆر ھەوڵماندا لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوە بە ھۆی ئەوەیەوە کە رووداوەکانی پێش ساڵی ٢٠١١مان دەبینی چەندین جار رژێمی بەشار ئەسەدمان ئاگادار کردەوە کە گۆڕانکاری بکات، بەڵام گۆڕانکاری نەکرد بۆیە بارودۆخی سوریا ئەوەیە کە لە بەرچاوە."
داودئۆغڵو ههروهها گوتی: "جار جار باشە دامودەزگا و ناوەندی جیاجیا وەکو ویکیلیکس ھەبن بۆ ئەوەی ئاشکرا بکرێ کێ چی گوتووە، ئێمە وەکو تورکیا پێش چەند ساڵ ئاماژەمان بەوە کردووە کە ئەگەر ھاوکاری و پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی میانڕهوی سوریا نەکرێ، ئەوا قەیرانی ئەو وڵاتە چارەسەر ناکرێ. بە روسیا و ئێرانیشمان گوتووە کە ئەگەر بێتۆ ئۆپۆزسیۆنی میانڕهو لە ناو بچێ، وا بیر نەکەنەوە کە رژێمی بەشار ئەسەد دەمێنێ، بە پێچەوانەوە گروپێکی توندڕەو سەر دەکەون و دەگەنە ئاستێک کە ناتوانری کۆنترۆڵ بکرسن و بۆ رێگریکردن لەو شتانە لە کۆنفرانسی جنێڤ دوودا بۆ دامەزراندنی حکومەتی کاتی ئێمە تکامان لە بەشداربووان کرد، بەڵام ھیچ یەک لەو شتانە نەکران و ئەمڕۆ دەبینن داعش بووەتە ھەڕەشەیەک یەکجار گەورە بۆ سەر ناوچەکە."