ئورفا
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو دوای بەسەركردنەوەی بریندارانی تەقینەوەكەی دوێنێی شارۆچكەی سروج چووە تەلاری پارێزگا و لە بارەی رووداوەكەوە زانیاری پێویستی لە پارێزگار عیزەدین كوچوك وەرگرت و دواتر لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەنووسانی گوتی: "ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆی ئەو كریارە تیرۆریستییەوە گیانیان لەدەست داوە گەیشتووتە 32 كەس و 29 برینداری دیكەیش لە نەخۆشخانەكاندا چارەسەریان بۆ دەكرێت".
داودئۆغڵو گوتی: "ئەمە یەكەمجار نییە كە توركیا رووبەڕووی كریاری بەو شێوەیە دەبێتەوە، ساڵی 2003 لە ئیستانبۆڵیش كەسانی سەر بە قاعیدە كریارێكی بەو جۆرەیان ئەنجامداوە. ساڵی 2007 لە ئولوس ئانافارت پەكەكە كریارێكی بەو جۆرەی ئەنجامداوە، ساڵی 2008 لە دیاربەكریش تەقینەوەیەكی دیكەی خۆكوژی ئەنجامدراوە و ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا. ساڵی 2013 و لە رەیحانلیش و لە كاتی هەڵبژاردنەكانی حەفتی حوزەیرانیشدا لە دیاربەكر كریاری بەو جۆرە ئەنجامدراوە، هەرچەند ئەو كریارانە لە لایەن گرووپە جیاوازەكانەوە ئەنجام درابن بەڵام لە راستیدا ئەو هێرشانە بۆ سەر هەموو خەڵكی ئێمە بوونە، هێرشەكەی دوێنێ و هێرشەكانی رابردووی قاعیدە، پەكەكە، داعش و گرووپەكانی دیكەی سەر بە رژێمی سووریا هەموویان لە لایەن عەقڵیەتێكی نامرۆڤانەوە ئەنجام دراون.
داودئۆغڵو گوتی: "نابێت هیچ كەس و لایەنێك ئەم جۆرە كریارانە بۆ مەرامی سیاسی خۆی بەكار بهێنێت، چونكە ئەمە تەنیا نابێتە هۆی ئازاردانی گەلی ئێمە بەڵكو دەبێتە هۆی هەڕەشەی گەورە بۆ سەر داهاتووی وڵاتەكەمان بۆیە كاتێك باس باسی تیرۆرە پێویستە هەموومان یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بین".
داودئۆغڵو گوتی: بۆ ئەوەی كاری پێویست ئەنجام بدرێت فەرمانی پێویستمان بە وەزارەتی نێًوخۆ داوە و لە كۆبوونەوەی سبەی چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا باس لەو رێوشوێنانە دەكەین كە پێویستە لەسەر سنوورەكان بگیردرێنە بەر".داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "داواكارم هیچ كەس و لایەنێك بە هۆی ئەو كریارانەوە توركیا نەخاتە ژێر گمانەوە و هانی خەڵك نەدات و بە تایبەتی بەرپرسانی هەدەپە پێویستە زۆر هۆشیار و ئاگاداری لێدوانەكانیان بن".