پەرلەمانی تورکیا
سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گوتەیەکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار ئامادەیە، ئەوا بەدەپە ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری لە دەستوورو دادگا و داوەران و بێلایەنکردنی دادگاکان.
دەمیرتاش لە گوتەکانیدا ئاماژەی بە گەندەڵی و دزی کردو گوتی: ئەگەر شتێکتان نەدزیوە، ئەگەر ئەوانە پارەی دزی نین، تەنیا بە قسە ناتوانی پارێزگاری لە خۆت بکەی، دەبێ خۆتان بە شێوەیەکی شەفاف ئاشکرا بکەن.
دەمیرتاش گوتی: ئەم دادگایە یاسا پەیڕەو ناکا، یاسا نادیموکراتییە ئاراکانیش جێ بەجێ ناکا، لە شوێنی تر و لە دەستەیەکی تر رێنمایی وەردەگرێت و ئۆپۆراسیۆن ئەنجام دەدا، کاتێ ١٠ ھەزار سیاسەتمەداری کورد دەستگیر کران و خرانە بەندیخانەکانەوە، ھەمان دادگا و دادوەران و پۆلیس و وەزیر سەرۆکوەزیران لەسەر کار بوون لە ناخی دڵەوە بەرگرییان لە ئۆپەراسیۆنەکان دەکرد.
دەمیرتاش ھەروەھا گوتی: ئەگەر دەڵێن پلانێک لە بارەی مەسەلەی گەندەڵی و دزیەوە ھەیە، ئاشکراکردن یان یەکلاکردنەوەی ئەو پلانە و لە ناوبردنی لە رێگەی پلانێکی ترەوە نابێ، پێویستە باوەش بە دیموکراسیدا بکەین، بەڵام رێکردنتان بەھەمان زیھنیەتی ئەوان ئێوە بێتاوان دەرناخات، ئەو مەسەلانەی کە کۆمەڵگا ھەڵوێستی لەبەرامبەریان ھەیە وەک دزی و گەندەڵی دەبێ روونکردنەوەی پێویست لە بارەیانەوە ئاشکرا بکرێ، وەڵامی پێویست بەگەل بدەنەوە، ئەگەر نا ناتوانن رووبەڕووی ئەو پلانە قوڵانە ببنەوە.
دەمیرتاش لەبارەی تێڕوانینی حکومەت بۆ مەسەلەکان گوتی: بۆ ئەوەی تەنیا لیرەیەک بۆ کەمترین موچە زیاد نەکەن بە درێژایی ھەفتە لەسەر مێز گفتوگۆ دەکەن، باشە بۆچی ھەمان گفتوگۆ بۆ گەندەڵی و بەرتیل و دزی ئاشکرا ناکەن؟ ھەرگیز قبوڵی داپۆشینی دزی و گەندەڵی و بەرتیل ناکەین، بە بیانوی ئەوەی ٣٤ منداڵی کورد لە سنور قاچاخی دەکەن کوشتنتان، ئێوە ئەوەندە ھەستیارن کە پەردەتان بەسەر کوشتنی ٣٤ منداڵی کوردا دا، دەبێ حسابی ئەوە بدەن. پێویستە رووبەڕووی گەندەڵی و دزی ببینەوە.
دەمیرتاش رایگەیاند: "دەبَی ئەوە بخەینە لاوە کە ئایا جەماعەت بەچی نیەتێکەوە ئەو ئەنجامەی داوە، پێویستە سەرەتا لەوە بکۆڵینەوە ئایا دزی کراوە یا نەکراوە؟ ئێمەش دەزانین جەماعەت و ئەو پۆلیس و دادوەرانەی فەرمان لەوەوە وەردەگرن کێشەیان دزی نیە، دەزانین دەستیان پاک نیە و پارێزەو داوەری باوەڕپێکراو نین، بەڵام ئەوە ئێوە رزگار ناکا، پێویستە رووبەڕووی دزی و گەندەڵیەکان ببنەوە."
لە دێژەی گوتەکانی بۆ ئەندامانی پارتەکەی دەمیرتاش باسی لە بوونی دەوڵەتی ھاوتەریب و ئابوریی ھاوتەریب کردو گوتی: لە کۆی ٨١ پارێزگا لە بچوکترینیانەوە بۆ گەورەترینیان ھەموویان پەیوەندیان بەیەکەوە ھەیە، لەگەڵ دەوڵەتی ھاوتەریب ئابوری ھاوتەریبیش ھەیە. لەسەردەمی ئاکپارتی گرێبەستێکی ٥٠ ملیار دۆلاری ساز کراوە، بەشێکی ئەوانە بۆ رێگاو بانەکان و بەشێکی تریش بۆ گەندەڵی، ئێستا زیاتر ئەوانە روون دەبێتەوە.
دەمیرتاش گوتیشی: ئەوەی پێویستە سەرۆکوەزیران بیکا خۆسەپاندن نیە، پێویستە دادگا بێلایەن بکرێ، ئەگەر پێویست بە گۆڕانکاری دەستور دەکا کە پێویستە، ئێمە ئامادەین، ئایا کێ پێشنیاز و داواکاری ئەنجومەنی پارێزەران و دادوەرانی باڵای گشتی تورکیا قبوڵ دەکا؟ ئایا رێگای رزگاربوون وەرگرتنەوەی دادگا لە دەستی جەماعەت و پێشکەشکردنی بە ئاکپارتییە؟ ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین، ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار ئامادەیە، ئەوا بەدەپە ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری لەبارەی گۆڕانکاری لە دەستور و دادگا و داوەران و بێلایەنکردنی دادگاکان، ھەمیشە ئەوان مافخوراون، پارەو سامان و دەسەڵات لەدەستی ئەوانە، ھەموو شتێکیش دەکەن، بەڵام مافخوراون.
دەبێ لێپرسینەوە لەگەڵ ھەردوولا بکرێ
دەمیرتاش لە قسەکانیدا رایگەیاند بەدەپە دژی گەندەڵی و دزی و دەوڵەتی ھاتەریب و دەوڵەتی قووڵە، ئەوانە ھەردووکیان تێکەڵی تاوان بوون، دەبێ لێپرسینەوە لەگەڵ ھەردووکیان بکرێ، دەرمانی ئێمە رزگارکردنی ئاکپارتی نییە، دەنگۆی وەستانی بەدەپە لەپشتی لایەنی دزو گەندەڵی دوورە لە راستیەوە، جگە لە ئێمە ھیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا نیە. دەوڵەتی ھاوتەریبیان دروست کردوە ئاگاداری نەبوویت، بەسیفەتی سەرۆکوەزیران ئەوە دەڵێی، ئەمە ئەوە دەردەخا کە تۆ بەتەواوەتی نەبوویت بە سەرۆکوەزیران.
دەمیرتاش گوتی: سەرۆکوەزیران دەڵی ھەڵەمان کرد کە دەرگای دەوڵەتمان بۆ ھەندێ کەس کردەوە، چاوپۆشیمان لێ کردن. تۆ دەڵێی منداڵی خۆم بەمانە ناسپیرم، ئەو شوێنەی کە باوەڕی پێ ناکەی ئایا دەزانی منداڵی چەند دایک لەوێ دادگایی دەکرێن؟، تەنیا لەبەرئەوەی دروشمی ھەڵداوە سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا دراوە، ئەمانە دەبێ لەم زەمەنەدا ھەمووی لەسەر مێز باس بکرێن.
دەرمانی ئێمە تەنیا لێپرسنەوە لە سەرۆکوەزیران نیە، باشە با لێپرسینەوە بکەین، لە شوێنی کێ دێ؟ ئێمە ھەوڵ دەدەین لە شوێنی ئەو دیموکراسیەکی بەھێز بنیات بنێین، ئێمە ئاکپارتی بۆ سندوق دەبەین، رێگا و بەرێوەبردن ئەوەیە، جگە لە و رێگایانە پشتیوانی لە ھیچ بەرێوەبردن و رێگایەک ناکەین، لەوانەیە دەرمانی سەرۆکوەزیران ئەوە بێ، رێگاکانی کراوە بێ.