ئەنقەرە
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی پارتەكەی و بەشێك لە پەرلەمانتاران سەردانی ناوەندی گشتی پارتی سۆسیالیستی ستەملێكراوانیان كرد و سەرەخۆشی خۆیان بەھۆی كۆكوژی سروجەوە راگەیاند.
دەمیرتاش لە دوای تەواوكردنی وتەكانی، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
رۆژنامەنووسێك بە دەمیرتاشی گوت كە 'ئەو پێشتر بە پەكەكەی گوتبوو دەست لەسەر پلاپیتی چەكەكانتان ھەڵگرن و بەشێك لە لایەنەكان بەرامبەر ئەمە ئاماژەیان بەوە دابوو كە دەمیرتاش دوا كەوتووە لەم لێدوانە'. دەمیرتاش لە وەڵامدا گوتی: "چۆن دواكەوتن لە بانگھێشتی ئاشتی دەبێت؟، ئەگەر ئەمڕۆ ئاشتی دەستەبەر بكەین، بەیانی ئەگەری گیانلەدەستدانی لاوانمان رادەگرین، ئێمە كەی بانگھێشتی شەڕمان كردووە؟ ئەوان دەڵێن ئێوە دوا كەوتوون لە بانگھێشتی ئاشتی، ئێمە شەڕمان ھەڵنەگیرساندووە و شەڕمان نەویستووە، ئێمە ھەمیشە بەرگریمان لە ئاشتی كردووە، ئاك پارتی دەڵێت 'تا مانەوەی دوا تیرۆریست، ئۆپەراسیۆنەكان لە قەندیل بەردەوام دەبێت'. ئێمە بانگھێشتی ئەوە دەكەین كە چەكەكان بێ دەنگ بكرێن، ئایا ھیچ شتێك لەوە ئاشكراتر ھەیە؟ چەكەكان بێ دەنگ دەكرێن و خەڵك ناكوژرێت".
" ئێمە باڵی سیاسی كەجەكە نین".
دەمیرتاش گوتیشی: "ھیچ روونكردنەوەیەكی كەجەكە بە ناوی ھەدەپەوە نییە. ھاوكات ھیچ روونكردنەوەیەكی ھەدەپەش پەیوەندی بە كەجەكەوە نییە".
لە دوای ئەمەیش لێدوانی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەبیر دەمیرتاش ھێنرایەوە بەوەی كە گوتوبووی "توركیا ناگەرێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان"، لەم بارەیەوە دەمیرتاش گوتی: "دارستانەكان دەسووتێنرێن و گوندەكانی شرنەخ چۆڵ دەكرێن، چەند ناوچەیەك لە دێرسم وەك ناوچەی سەربازیی راگەیەنراوە، ھەموو رۆژێك تەرمی كوژراوان دێتەوە، بارھەڵگر و ئۆتۆمبێڵەكان دەسووتێنرێن، چۆن نەگەڕاوینەتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان، ئاك پارتی بۆ ئەوەی بگەرێتەوە ساڵانی نەوەدەكان ھەوڵی زۆر دەدات. بەڵام پێویستە ئەوە لەبیر نەكەین كە ھیچ ژینگەیەكی سیاسی لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بگەرێتەوە ساڵانی نەوەدەكان".
دەمیرتاش لە بارەی راگەیاندنی چەند ناوچەیەك بە ناوچەی سەربازی گوتی: "بەڵی حكوومەت ھەنگاو بە ھەنگاو دەیەوێت باری نائاسایی بخاتەوە بەركار".