ئەنقەرە
ھەر دوو هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ دوای یەكلاییكردنەوەی دەنگەكان و سەرکەوتنی پارتەكەیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە توركیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ساز كرد. ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان ھەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ میدیاکان و رای گشتی قسەی کرد و گوتی: "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە خەڵك دەکەم و لەو ھەڵبژاردنە سەختەدا چووینە نێو بەرەیەكی سەخت، دەمانویست لەم ھەڵبژاردنە نایەكسانییەدا وەكو پارتێك بەشداری لە ھەڵبژاردن بكەین توانیمان لەبەرامبەر پارتێكی دەسەڵاتدار بوەستینەوە كە سەرجەم خێر و بێرەكانی دەوڵەتی بۆ سوود و بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دەھێنا بە كەمپینەكان و ھێرشەكانیان بەرامبەر بە ئێمە وەستانەوە. بەڵام ئێمە وەكو لایەنی ستەمدیدەی توركیا، ئێمە وەكو لایەنی رەنجدەران و ھەژارانی توركیا وەكو داكۆكیكار لە برایەتی و سەربەخۆیی توانیمان سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بھێنین. لێرەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم خەڵكی توركیا دەكەم".
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەركەوتنی پارتەكەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا كە ھەدەپە كۆتایی بیری سیستەمی سەرۆكایەتی ھێنا و گوتیشی: "لەم ھەڵبژاردنەدا داكۆكیكارانی سەربەخۆیی، دیموكراسی و ئاشتی سەركەوتنیان بە دەست ھێنا، ئەو لایەنەی كە بە فشار خستنەسەر هاووڵاتیان و رق و كین كاریان دەكرد و خۆیان بە تاكە خاوەنی توركیا دەزانی، شكستیان ھێنا. ئەو كەسانە سەركەوتن كە خۆیان بۆ سەربەخۆیی توركیا بەخت كردووە. ئەو سەركەوتنە سەركەوتنی ھەموو ستەمدیدەكان و كورد و تورك و چەرگەز و بۆشناخییەكان و سەرجەم ئایینەکانی جیاواز و سەركەوتنی ھەموو ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێت بە سەربەخۆیی لەم وڵاتەدا بژین".
ناوبراو لە درێژەدا هەروەها گوتیشی: "لە ھەمان كاتدا ئەو سەركەوتنە سەركەوتنی ھاوبەشی رەنجدەران، بێ كاران، جوتیاران و پیشەکارانە. ھاوكات لە ھەموو كەسێك زیاتر سەركەوتنێكی گەورەی ئافرەتانە. ئێمە بە درێژایی پڕوپاگەندەكانی ھەڵبژاردندا لە گۆڕەپانەكاندا ھەر چیمان وتبێت لە بیرمان نەكردووە. ھەر بەڵێنێكمان دابێت لە یادمان نەكردووە، لەمەودوا ھەدەپە پارتێكی راستەقینەی توركیایە. لەمەودوا توركیا ھەدەپەیە و ھەدەپەش توركیایە".
دەمیرتاش لە کۆتاییدا گوتی: "ئێمە توانیمان ئەم سەركەوتنە بەدەست بھێنین. لە ئەنجامە ھەر گرنگەكانی ئەم ھەڵبژاردنە ئەوەیە سیاسەتی ئاك پارتی بۆ رۆژھەڵات سفر بۆوە كە دەیگوت كێشەی كورد لە ئارادا نییە. ئێمە بە نەھجێك كار دەكەین، ھەوڵ دەدەین شەرمەزاری ھیچ لایەنێك نەبین كە متمانەیان بە ئێمە داوە. لە ئێستاوە پرسەكانی سەرۆكایەتی و دیكتاتۆرییەت كۆتایی پێ ھاتووە".