Muhammed Boztepe,Ramal Abdullah Mahmood
27 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
ریزبه‌ندی پارته سیاسییه‌كان له‌سه‌ر كارتی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنه خۆجێییه‌كانی ٣١ی ئادار به تیروپشك دیاریكرا. ئاك پارتی ژماره ٨، جه‌هه‌په ژماره ٧، مه‌هه‌په ژماره ١٠، ئییی پارتی ژماره ١١ و هه‌ده‌په ژماره ١٢ یه به‌پێی ریزبه‌ندیی پارته‌كان.
به‌ر له تیروپشكه‌كه سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی توركیا، سه‌عدی گوڤه‌ن له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه خۆجێییه‌كانی ٣١ی ئاداره‌وه دوا.
گوڤه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه دا كه پرۆسه‌ی بڕیاردان له‌باره‌ی ئه‌و تانانه‌ی له گۆڕانكاری تۆماری ده‌نگده‌ران دراون به‌رده‌وامه و گوتی: "تا ئه‌مڕۆ ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی ناوخۆیی ٥٧ ملیۆن و ٧٨ هه‌زار و ٤٦١ ده‌نگده‌ره. ژماره‌ی پێشبینیكراوی سندوقه‌كان ١٩٤ هه‌زار و٧١٥ سندوقه. هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له رۆژی هه‌ڵبژاردن لیستی ناوی مردووان و ئه‌وانه‌ی مافی هاووڵاتییبوونیان لێ ستێندراوه‌ته‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری ناسنامه و هاووڵاتییان وه‌رده‌گیرێت و به‌مپێیه كار له‌سه‌ر لیستی ده‌نگده‌ران ده‌كرێت".
سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان لە توركیا، سه‌عدی گوڤه‌ن تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردنی تیروپشكهكهیان به شێوه‌یه‌كی روون و به ده‌ستی نوێنه‌ری پارته سیاسییه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت و له‌و حه‌وت كه‌سه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ڵبژێردراون پێنجیان نوێنه‌ری پارته سیاسییه‌كانن.
دوای لێدوانه‌كه‌ی گوڤه‌ن تیروپشك بۆ دیاریكردنی ژماره‌ی ئه‌و پارتانه ئه‌نجام درا كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كه‌ن.
له تیروپشكه‌كه‌دا له راسته‌وه بۆ چه‌پ ژماره‌ی پارته‌كان به‌مجۆره بوو: "ژماره ١ پارتی سه‌عاده‌ت، ژماره ٢ پارتی توركیای سه‌ربەخۆ، ژماره ٣ پارتی كۆمونیستی توركیا، ژماره ٤ پارتی وه‌ته‌ن، ژماره ٥ پارتی یه‌كێتیی مه‌زن، ژماره ٦ هودا پار، ژماره ٧ جه‌هه‌په، ژماره ٨ ئاك پارتی، ژماره ٩ پارتی دیموكرات، ژماره ١٠ مه‌هه‌په، ژماره ١١ ئییی پارتی، ژماره ١٢ هه‌ده‌په و ژماره ١٣هش پارتی چهپڕەوی دیموكرات".