ئەنقەرە
بڕیاری سەربەستی پڕوپاگەندە بە زمانەکانی دیکە بێجگە لە زمانی تورکی بۆ پارت و لایەنە سیاسییەکان کە لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیادا باسی لێوە کرابوو، بووە ھۆی مشتومڕ لە سەر ژمارەی زمانەکان لە تورکیا.
ساڵانی رابردوو کاتی ھەڵبژاردن سیاسەتوانانی تورکیا، گوند بە گوند، شار بە شار دەسووڕانەوە و تەنیا بە زمانی تورکی پڕوپاگەندەیان بۆ خۆیان دەکرد. لەمەودوا سیاسەتوانان دەتوانن لە بیلەجیک، ئەسکیشەھر، سامسون، ئاماسیا، تۆکات و دوزجە بە زمانی ئایازا، لە ماردین و سێرت بە زمانی عەرەبی، لە ئیستەنبوڵ، ھاتای، دیاربەکر و قارسیش بە زمانی ئەرمەنی بۆ خۆیان پڕوپاگەندە بکەن.
لە ناوچەی قەرەدەنیزیش ئەو کەسانە کە دەبنە پەرلەمانتار یا سەرۆک شارەوانی دەتوانێ بە زمانی لازی، گورجو و ھەمشینی پڕوپاگەندە بکەن و بەزمانی خۆیان لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەدا قسە بکەن.
بە پێی ھەندێ لە سەرچاوەکان لە تورکیا چەندین زمانی جیاجیا ھەن و ژمارەیەکی بەرچاو خەڵک بەو زمانانە قسە دەکەن، گرنگترین ئەو زمانانە بریتین لە، ئابازا، ئابھاز، ئادیگە، عەرەبی، ئارنەڤوت، ئاڤار، ئازەری، بۆشناک، پۆماک، بۆلگاری، رۆمانی، دۆمانی، ئەرمەنی، گاگاڤوز، گورجی، ھەمشین، ھەرتەڤین، کابارد، قەزاقی، قیرقیزی، تورکی کیریمی ( تارتاری باڵکان) کوموک، کوردی، ئەسپانیۆلی یەھودی، لادینۆ، لاز، ئۆستەجە، ئۆزبەکی، پۆنتاسچا ( رومی ترابزۆن) یونانی، سریانی، تاتاری، تورکی، تورکمەنی، ویگوری و زازاکی، بە گشتی ٣٦ زمان لە تورکیا ھەن.
سەرۆکی دەزگای زانستی زمان (پڕۆفسۆر نادر ئەنگین ئوزون) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " لە تورکیا بە ٣٦ زمانی جیاجیا قسە دەکرێ و پێویستە ئەو ژمارەیە دووبارە نوێ بکرێنەوە، لە بارەی ژمارەی ئەو کەسانەی بەو زمانانە قسە دەکەن زانیاریی راست و دروستمان لە بەردەستدا نییە و نازانین چەند کەسن، لە کوێ بە کامە زمان قسە دەکەن. دوایینجار لە ساڵی ١٩٦٥دا راپرسییەک لە بارەی ئەو زمانانەوە کراوە".
ئەنگین ئوزون گوتی" دەتوانین ئەو زمانانە SIL internationale ناوەندی زمان و زانستی نێودەوڵەتی
دابەشی دوو گروپ بکەین، گروپی یەکەم ئەو زمانانەن کە ماوەیەکی دوور و درێژە لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا قسەیان پێ دەکرێ و گروپی دووەمیش ئەو زمانانەن کە بە ھۆی کۆچکردنەوە لە ناوچە جیاجیاکان قسەیان پێ دەکرێ. زمانەکانی وەکو کوردی، عەرەبی، ئەرمەنی، سریانی و یونانی زمانی بەشێکن لە زمانە ھەرێمییەکان و زمانەکانی وەکو سربی، بولگاری، ئارناڤوتی، کیریم و ئویگورجیش ئەو زمانانەن کە بە ھۆی کۆچکردنەوە لە تورکیا قسەیان پێ دەکرێ".
ئەنگین ئوزون باسی ئەوەی کرد بۆ بەدەستخستنی ژمارە و زانیاریی راست لەبارەی ئەو زمانانەوە، پێویستە دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بکرێ و ئەو لێکۆڵینەوانە بۆ میراسی دونیا زۆر گرنگن، چونکە بەشێک لەو زمانانە کە لە تورکیا قسەیان پێدەکرێ لە ناو چوون و بەشێکی دیکەیان رووبەرووی مەترسی لە ناوچوون بوونەتەوە.
ئەنگین زیاتر گوتی" بۆ ئەوەی خزمەت بەو زمانانە بکەین بڕیارە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ کۆمیتەی جیھانی زانستی زمان، کۆنگرەیەک تایبەت بەو زمانانە کە رووبەرووی مەترسی بوونەوە ساز بکەین، ناوەندی ئەتنۆلۆژی وەکو سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو، ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە زمانەکانی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە لە چوارچێوەی سەرژمێری ساڵی ١٩٦٥ بەدەست خراون.
ناوەندی ئەتۆلۆژی باسی ئەو ئامارانەی کردووە کە ساڵانی دواتر بە ھۆی لێکۆڵینەوە جیاجیاکاندا ئاشکرا کراون لە تورکیا بێجگە لە زمانی تورکی، زمانی کوردی تاقە زمانێکە کە لە لایەن ژمارەیەکی زۆری خەڵکەوە قسەی پێ دەکرێ و بە پێ ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٩ پانزە ملیۆن کەس بە زمانی کوردی قسە دەکەن و زمانی کوردیش یەکێکە لە زمانەکانی ھیندو و ئەوروپا. ئامارەکانی ساڵی ١٩٩٨ باسی ئەوە دەکەن کە زمانی زازاکی زمانێکی دیکەی تورکیایە کە یەک میلیۆن و ٦٤٠ ھەزار کەس بەو زمانە قسە دەکەن. زۆربەی ئەو کەسانەش لە دەرسیم، ئەرزنجان، بینگۆل، سیواس، دیاربەکر و ئەلازغدا دەژین.
بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٥ دوای زمانی تورکی، کوردی و زازاکی، یەک میلیۆن کەس بە زمانی چەرکەزی قسە دەکەن و زۆربەی چەرکەز زمانەکانیش لە ناوچەکانی قەیسەری، سامسون، ئاماسیا و چۆرومدا نیشتەجێن. زمانی ئادیگەجەییش کە زمانێکی دیکەی چەرکەزییە ٢٧٨ ھەزار کەس قسەی پێدەکەن. بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٠ ئەو کەسانە کە بە زمانی ئادیگەجەی قسە دەکەن لە ئیستەنبوڵ، سامسون، سنۆپ، تۆکات، بالیکەسر، بۆلو، ئایدن، ساکاریا، چەناق قەلە، قەیسەری، تۆکاک، چۆروم و ئاماسیادا نیشتەجێن.
بە گوێرەی ئامارێکی ساڵی ١٩٨٠ چوار ھەزار کەس بە زمانی ئابھاز قسە دەکەن و لە ناوچەکانی ئەزمیت، ئاداپازار، دوزجە، بۆلو، بورسا، کوتاھیا، بێلەجیک و ئەسکیشەھر نیشتەجێن. زمانی ئەبازاجایش کە زۆر نزیکی زمانی ئابھازیجەیە، لە ناوچەکانی بێلەجێک، ئەسکیشەھر، سامسون، ئاماسیا، تۆکات، یۆزگات، سیواس، قەیسەری و ئادانادا بەکار دەھێنرێ.
ئەنگین ئوزون لە بارەی زمانی عەرەبیشەوە رایگەیاند: زمانی عەرەبی لە تورکیا خاوەن جێگایەکی تایبەتییە و بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ١٩٩٢ بە گشتی ٥٠٠ ھەزار کەس بە ھەر دوو زاراوەی عەرەبی قسە دەکەن و زۆربەیشیان لە ماردین، سێرت، دیاربەکر و ھەتای نیشتەجێن. زمانی سریانیش کە نزیکی زمانی عەرەبییە یەکێکی دیکە لە زمانەکانی تورکیایە و بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ١٩٩٤ نزیکەی سێ ھەزار کەس بەو زمانە قسە دەکەن.
زمانی ھەرتەڤین کە زمانێکی سامی و نزیک لە زمانی عەرەبییە، سەرەتا لە لایەن ھەزار کەسەوە لە ناوچەی سێرت قسەی پێکراوە بەڵام دواتر لە رۆژئاوای تورکیا بڵاو بووەتەوە و ئەمڕۆ رووبەروو مەترسی لە ناوچوون بووەتەوە.
زمانی بولگاریش یەکێکە لەو زمانانە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر کۆچبەر قسەی پێدەکەن و لە ناوچەی ئەدرنە و بۆرسا ٣٠٠ ھەزار کەس ئەو زمانە بەکار دەھێنن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ٣٠ ساڵ لەمەوپێش ١٥ ھەزار کەس زمانی ئارناڤوتی و ٢٠ ھەزار کەسیش زمانی سربیان بەکار ھێناوە.
ھەروەھا زمانی رۆمانی کە زمانێکی تایبەتی ناوچەی باڵکانە، زمانێکی دیکەیە کە لە تورکیا بەکار دەھێنرێ و بە پێ ئامارەکانی ٢٥ ساڵ لەمەوپێش ٢٥ ھەزار کەس بە زمانی رۆمانی و ٢٨ ھەزار کەسی دیکەیش زاراوەی رۆژھەڵاتی ئەو زمانە کە زاراوەی دۆمارییە قسە دەکەن.
زمانی لادینۆ کە بە زمانی ئەسپانیوڵی یەھودی ناسراوە، زمانێکی تێکەڵاوە و بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٧ زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس کە لە ئیستەنبوڵ و ئەزمیردا دانیشتوونە بەو زمانە قسە دەکەن.
ناوەندی ئەتنۆلۆژی باسی زمانی یونانیشی کردووە و نووسیویەتی: بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ١٩٩٣ نزیکەی چوار ھەزار کەس بە زمانی یەھودی قسەیان کردووە. زمانی بۆنیکیش یەکێکە لە زمانەکانی دیکەی تورکیا و بە پێ ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٩ زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەس ئەو زمانە بەکار دەھێنن و لە ترابزۆن و رۆژھەڵاتی قەرەدەنیزدا نیشتەجێن، ئەو زمانە یونانییە کە لە تورکیا بەکار دەھێنرێ زۆر جیاوازترە لەوەی کە لە یونان بەکار دەھێنرێت.
زمانی ئەرمەنیش زمانێکی دیکەی تورکیایە و بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ١٩٨٠ نزیکەی ٤٠ ھەزار کەس و زمانەی بەکار ھێناوە.
ھەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ساڵی ١٩٨٠ نزیکەی ٤٠ ھەزار کەس زمانی گورجی بەکار دەھێنێ و زمانی لازی کە ئەندامێکی خانەوادەی زمانی گورجییە لە لایەن ٢٠ ھەزار کەسەوە قسەی پێدەکرێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

