ماردین
سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان HDP سەباحەت تونجەل دەڵێ: "پێویستە مینەکانی ئەو ناوچەیە ھەڵبگیرێنەوە و ناوچەکە بکرێتە ناوچەیەکی تەندروست بۆ ھاتوچۆ."
سەباحەت تونجەل دوای سەردانی پشتگیرکردن بۆ عایشە گۆکكان سەرۆک شارەوانیی نسێبین کە بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لەدژی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا دەستی بەمانگرتن کردووە لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دەزانین چەند زەحمەتە کاتێک مرۆڤ گیانی خۆی بۆ مردن ئامادە دەکات.
تونجەل دەڵێ ئەوەی پێویستە لێرەدا بکرێ، دروستکردنی دیوار نییە، بە پێچەوانەوە ھەڵگرتنی تەلبەند و دیوارەکانە: "ئەوەی پێویستە لێرە بکرێت بەھێزکردنی برایەتیی گەلانە. ئەگەر لە سنور سەرۆک شارەوانیەک ھەیە، دەخوازێ چالاکیەکی بەم شێوەیە ئەنجام بدات، ئەوا پێویستە لەم وڵاتە بەراستی لێپرسینەوەیەک دەست پێبکات. حکومەتی ئاک پارتی لەلایەک باسی پڕۆسەی چارەسەری دەکات و خۆی وانیشان دەدات کە سوورە لەسەر پڕۆسەی چارەسەری و دەڵێ کێ لەسەر مێزی گفتوگۆ بکشێتەوە بەرپرسیار دەبێت، بەڵام لەلایەکەی ترەوە بە سیاسەتەکانی ھەوڵ دەدات پڕۆسەی چارەسەری لەبار ببات. ئیسڕائیل دیواری شەریعەی رۆژئاوای لەساڵی ٢٠٠٢ بە ئامانجی ئەمنی دروست کرد. دیواری بەرلین بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتر پەیوەندیان نەبێ دروست کرا. ئێستا دەوڵەتی تورکیا بەھەمان شێوە دەخوازێت لەنێوان دوو میللەت، بە تایبەتی دوو میللەتی برا، لەنێوان دوو گەلی خزمی یەکتر دیوار دروست بکات. ئەمە مەسەلەیەک نییە قەبوڵ بکرێ. پێویستە حکومەت یەکسەر چاو بەو سیاسەتەی بخشێنێتەوە."
تونجەل رایگەیاند ئەوان بۆ ئەوەی ئەو دیوارە لەسەر سنور نەکرێت ململانێ دەکەن، پێویستە لەمەودوا ئەو دیوارە بەرز نەکرێتەوە، ھەروەھا ئەو دیوارەیش دروست کراوە بڕوخێندرێ.
تونجەل لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند سنوری نێوان تورکیا و سوریا مینڕێژ کراوە: "لەجیاتی ئەوەی حکومەت ئەو مینانە ھەڵبگرێتەوە، دیوار دروست دەکات. ئەو کارەی پێویستە بکرێت، ھەڵگرتنەوەی مینەکانی ناو ئەو زەویانەیە، ئێرە بکرێتە شوێنێکی تەندروستی ھاتوچۆ. ئەو ھەڤاڵەمان بە ئیرادەی ئازادی خۆی بڕیاری مانگرتنی تا رۆژی مردن داوە، بەڵام لێرەدا حکومەت بەرپرسیارە. ئەگەر لێرە رووداوێکی نەخوازراوی جدی بێتە ئاراوە، والی ماردین، وەزیری ناوخۆ و حکومەتی ئاک پارتی بەرپرسیار دەبن/"
دوای ئەوە تونجەل، لەبەرامبەر ئەو شوێنەی گۆکكان مانی لێگرتووە، سەردانی ئەندامانی دیکەی BDP کرد کە بەھەمان مەبەست دەستیان بە مانگرتن کردووە.
لەمبارەیەوە، کامەڕا یڵدرم، سەرۆکی ھۆبەی ماردینی یەکێتی پزیشکانی تورکیا بە یاوەری شاندێکی تەندروستی پشکنینی بۆ عایشە گۆکكان ئەنجامدا.
لەلایەکی ترەوە، گرووپێک لە نوسەیبین ویستیان رێگای ھاتوچۆ لە شەقامی ئیستاسیۆن بگرن، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەیان پۆلیس غازی فرمێسکڕێژی بۆ بڵاوە پێکردنیان بەکار ھێنا. بەمەش گرووپە بەرەو شەقامەکانی تری شارۆچکەکە پاشەکشەیان کرد.