Muhammet Ali Kemal
04 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2016
ئیزمیر- AA
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانیی لێکۆڵینەوە لەهەوڵی کودەتاکەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی و پەرلەمانتاری مانیسای ئاک پارتی، سەلچوک ئۆزداغ ئاماژەی بەوە کرد کە لە15ی تەمووزدا کە هەوڵی کودەتا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچییەوە درا، سەربازێکیش سەردانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت)ی کردووە و گوتی: ''سەرەتا لەنێوان کاتژمێر 15:00 بۆ 16:00دا رائیدێک دەڕوات. دواتر سەربازێک سەردانی میت دەکات. سەربازەکە گوێی لەهەندێک شت بووە، گفتوگۆکانیان و جموجۆڵەکانیان. پێشبینی کودەتایەک دەکات. ئەو پێشبینی دەستگیرکردنی راوێژکاری میت و ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر دەسەڵاتی سیاسیی دەکات، بۆیە سەردانی میت دەکات''.
سەلچوک ئۆزداغ لەڕوونکردنەوەیەکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد وەک لیژنە لەو سێ مانگەی کە هەیانە، سێ هەفتەی ماوە و مافی ئەوەیان هەیە مانگێکی دیکە کارەکانیان درێژ بکەنەوە، بەڵام ئەوان دەستیان بە نووسینەوەی راپۆرتەکەیان کردووە. باسی لەوەشکرد کە ئەو راپۆرتەی کە ئەوان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەن ''راپۆرتێکی مێژووییە'' و تێیدا گوتەی شایەتحاڵەکان گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە.
ئۆزداغ ئاشکرای کرد سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای تورکیا جەنەراڵی خانەنشین، حیلمی ئۆزکۆک پێی وایە کودەتاکە بەهۆی رەتکردنەوەی رێگپێدانی سوپا بۆ دەرەوەی سنوورەکان لە یەکی ئاداردا بووە و کەسانێکی دیکە پێیانوایە کودەتاکە بەهۆی کاریگەریی ئایینی، یاخود هێزی دەرەکی و هەندێکی دیکە بۆ کەموکورتییە بیرۆکراتییەکانی دەگەڕێننەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانیی لێکۆڵینەوە لەهەوڵی کودەتاکەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی ئاشکرای کرد پلانیان هەیە بۆ ئەوەی گوێ لەنزیکەی 200 کەس بگرن و دەکرێت ژمارەیەکیان لەو کەسانە بن کە دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە، ئەگەر هیچ لارییەک نەبێت ئەوا لەڕووی بابەتییەوە و لەڕێگەی نووسراوەوە پرسیار ئاراستەی هەریەک لەراوێژکاری میت، هاکان فیدان و سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا، خولوسی ئاکار دەکرێت و گوتی: ''بۆ ئەوەی سەبارەت بە شەوی 15ی تەمووز هیچ کەسێک نیشانەی پرسیاری لەلا نەمێنێت. کودەتاکە سەرەتا بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، دواتر بەسەر پەرلەمان و هەموو پارتەکانی دیکەدا کرا''.
- سەربازێک و رائیدێک سەردانی میت-یان کردووە
سەلچوک ئۆزداغ زانیاریی سەبارەت بەشەوی هەوڵی ئەنجامدانی کودەتاکە دا و گوتی:
''بەرلە کودەتاکە لەلایەن رائیدێک و سەربازێکەوە، زانیاریی سەبارەت بە کارێکی لەوجۆرە دەدرێتە میت. ئەوان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئۆپەراسیۆنێک دژی راوێژکاری میت ئەنجامدەدرێت. سەرەتا لەنێوان کاتژمێر 15:00 بۆ 16:00دا رائیدێک دەڕوات. دواتر سەربازێک سەردانی میت دەکات. سەربازەکە گوێی لەهەندێک شت بووە، گفتوگۆکانیان و جموجۆڵەکانیان. پێشبینی کودەتایەک دەکات. ئەو پێشبینی دەستگیرکردنی راوێژکاری میت و ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر دەسەڵاتی سیاسیی دەکات، بۆیە سەردانی میت دەکات. لەئێستادا هەردووکیان بەناوی پاراستنیان و وەک رێوشوێنیکی پێویست، لە بەندینخانەن. ئەگەر بهاتایە و ئەم پێکهایە لە 03:00ی شەودا ئەم کارەی بکردایە، رەنگە سەرکەوتوو ببوایە. ئەگەر سەرکەوتووش بوونایە ئەوا سیستم دەگۆڕا. تورکیا پەلکێشی شەڕێکی ناوخۆ دەکرا. ئەوەی کە 100 ساڵە کۆیدەکەینەوە و خەونی پێوە دەبینین دەیاندزی''.
- ''کێ لەگەڵ گولەن چووەتە ئەمریکا''
ئۆزداغ ئاشکرای کرد سەبارەت بە چوونی سەردەستەی فەتۆ، فەتحوڵڵا گولەن لەساڵی 1999دا بۆ ئەمریکا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەی پزیشکی داوای ئەوەیان کردووە زانیارییان لەبارەی ئەو راپۆرتە پزیشکییەی زانکۆی هاجەتتەپە و کێ بووەتە هۆی ئەوەی راپۆرتەکە وەربگرێت. جەختی لەوەشکردەوە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتیی دەسەپە - مەهەپە- ئاناپدا پاسپۆرتی سەوز و پۆلیس بەمەبەستی پارێزگارییکردن لێی دراوەتە ناوبراو و دواتریش ماوەی ئەرکی پۆلیسەکان درێژکراوەتەوە. ئۆزداغ باسی لەوەشکرد ''لەوەزارەتی ناوخۆیان پرسیوە کە پۆلیسەکان لەلایەن کێوە ئەو ئەرکەیان پێ پسێردراوە''.
- ''کێ نێوەندگیریی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پاپا''
پەرلەمانتارەکەی ئاک پارتی کەهاوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانیی لێکۆڵینەوە لەهەوڵی کودەتاکەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچییە، ئاماژەی بەوەکردووە داوای لیستی سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیەیان کردووە کە ساڵی 1999 سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی پێ چووە بۆ ئەمریکا و سەرنجی بۆ کۆبوونەوەکەی پاپا جۆن پۆلی دووەم و گولەن راکێشا و گوتی:
''ئایا فەتحوڵڵا گولەن داوای لەڤاتیکان کردووە سەردانی پاپا بکات یان پاپا بانگێشتی ناوبراوی کردووە. پێویستە ئەوە یەکلایی بکرێتەوە. لەدابونەریتی ئێمەدا زانایانی ئایینی سەردانی کاربەدەستی دەوڵەتان ناکەن. بەڵکو بەپێچەوانەوەیە. مەبەستم ساختەچییەکانی وەک گولەن نییە. ئەگەر پاپا بانگێشتی کردووە، ئەو پیاوەی کە خۆی بۆ ئەوە ئامادەکردووە کە ببێتە مەهدی، مەسیح و ئیمامی گەردوون، بۆچی چوو بۆلای؟ دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ بولەنت ئەجەویتدابوو، لەگەڵ ئەو کۆبوویەوە و رۆیشت. وەک ئەندامی لیژنەکە داواکاریم پیشکەشکردووە، داواکارییەکە لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە ئەم هەفتەیە دەگاتە ڤاتیکان. با ڤاتیکان ئەو کەسە ئاشکرابکات کە نێوەندگیریی کردووە، کاتێک ئەوان رایانگەیاند ئیتر بەڵگەیەکی فەرمیمان بەدەستەوە دەبێت. ئاشکراکردنی ئەو نێوەندگیرەی کۆبوونەوەکەی پاپا و گولەنی رێکخستووە، زۆر شتی سەبارەت بەم پێکهاتەیەمان لەتورکیا بۆ دەردەخات''.
- ''وەک خەلیفەی سەر رووی زەوی دەگەڕایەوە''
سەلچوک ئۆزداغ باسی لەوەکرد سەردەستەی فەتۆ ویستوویەتی گوایە وەک خەلیفەی سەر رووی زەوی بگەڕێتەوە بۆ تورکیا و گوتی: ''لەئەمریکاوە فڕۆکەیەک هەڵدەستا بەرەو تورکیا و ئەم فڕۆکەیە گولەنی هەڵدەگرت. لەئیستانبوڵ دەنیشتەوە. کە دادەبەزی جبەیەکی لەبەردا دەبوو، چونکە ویستی ئەوەی یاوز سوڵتان سەلیم بدزن بۆی. (ئەو کەسەی کە ویستی بیدزێت) لەدوا ساتدا دەستگیرکرا. ئەو جبەیەمان بە 350 هەزار لیرە چاککردەوە. لەسەر مەزارەکەی یاوز سوڵتان سەلیم داماننابوو. بەجبەکەی یاوز سوڵتان سەلیمەوە دەهاتەوە و دەیگوت من 'خەلیفەی سەر رووی زەویم'. خوای گەورە دەرفەتی ئەوەی نەدایە''.