ئەنقەرە
کاربەدەستانی پارتی گەلی کۆماری CHP کە بەھێزترین ئۆپۆسیۆنی ناوخۆی تورکیایە رایانگەیاندووە بۆ پشتیوانییکردن لەپرۆسەی ئاشتی و کرانەوە لەتورکیا سەردانی شارە کوردییەکان دەکەن.
مانگی حوزەیرانی پێشوو (کەمال کڵچدار ئۆغڵو) سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لەمیانەی گوتارێکدا لەپەرلەمانی تورکیا گوتی، پارتەکەیان ھەوڵی زیاتر دەدا بۆ بەدیموکراتیزەبوون و بەدیھێنانی چارەسەر لەتورکیا، ھەروەھا رایگەیاند: سێ تیم لەپەرلەمانتاران و کاربەدەستانی جەھەپە سەردانی ناوچە کوردییەکان دەکەن.
شاندی CHP رۆژی چوارشەممە سەردانی (عوسمان بایدەمیر) سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکریانکرد، بایدەمیر لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ شاندی CHP قسەیکرد، ھەر دوولا جەختیانکردووەتەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا.
ئۆگوز ئۆیھان، پەرلەمانتاری جەھەپە رایگەیاند: بەم نزیکانە چەند پەرلەمانتار و بەرپرسێکی پارتی گەلی کۆماری CHP سەردانی ھەریەک لە شارەکانی ھەکاری، ماردین ، ئورفایا دەکەن.
ئۆگوز گوتی " تا ئێستا سەردانی دیاربەکر، ئەلازیغ، بەدلیس، باتمان، موش، دەرسیمیان کردووەو بڕیاریشە بەمنزیکانە سەردانی دیاربەکر و ماردین و ئورفا بکەین".
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە چەند پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی CHP سەردانی شاری (ھەکاری)یانکرد، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی CHP بەناو شەقامەکانی ئەو شارەدا گەڕان و گوێیان لەداواکاریی خەڵکی ناوچەکە گرت.
پەرلەمانتار (سەنا کالەلی) لەکاتی قسەکانی دا بۆ خەڵک گوتی " CHPھەوڵی زۆر دەدا بۆپێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی زیاتر لەتورکیا، چونکە ئێستا لەھەموو کات زیاتر تورکیا پێویستی بە ئازادی و دیموکراسی ھەیە".