Sefa Şahin
17 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2022
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و بە مەبەستی بەشداری کردن لە حەوتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی ئاست باڵای تورکیا-ئێران، رۆژانی ١٨-١٩ی تەمووز سەردانی تارانی پایتەختی ئێران دەکات.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، حەوتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی ئاست باڵای تورکیا-ئێران رۆژی ١٩ی تەمووز بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار ئەردۆغان و سەرکۆمار رەئیسی لە تاران ئەنجام دەدرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە کە بە بەشداریی وەزیرە پەیوەندیدارەکان رێکدەخرێت، پێداچوونەوە بە سەرجەم لایەنەکانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئێران دەکرێت و هەنگاوەکانی پێشخستنی هەماهەنگیی دوولایەنە تاوتوێ دەکرێت.
لە میانی کۆبوونەوەکاندا، جگە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکرێت.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەمان رۆژدا بە بەشداریی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و میواندارێتی سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی بەشداری لە حەوتەمین کۆبوونەوەی لووتکەی سێقۆلی بەشێوەی ئاستانا کە لە تاران بەڕێوەدەچێت، دەکات.
پێشبینی ئەوە دەکرێت لە میانی لووتکەکەدا راوێژکاریی لەسەر پرسەکانی وەکو؛ دوایین پێشهاتەکانی سووریا، بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سەرووی هەموویانەوە پەکەکە/یەپەگە و داعش کە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە درووست دەکەن، هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی، دۆخی مرۆیی و گەڕانەوەی سوورییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ وڵاتەکەیان، بکرێت.
سەرکۆماری تورکیا، لە پەراوێزی لووتکەکەدا کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی ئەنجام دەدات.