Heman Hussein Yaseen
09 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ھیمداد سەباح بیلال سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لە ھەولێر کرایەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی ئاماژەی بە کردنەوەی سەنتەرەکە کرد و رایگەیاند کە بە مەبەستی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالێتی کارکردنمان، ھەروەھا بۆ رێگریکردن لە بازرگانییکردن بە ڤیزاوە، ئەم سەنتەرەمان کردەوە و لەمەودوا ھەموو ھاووڵاتییان دەتوانن لە رێگای ئەم سەنتەرەوە باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت.
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق عەلی رەزا گونەی گوتیشی: "لە کۆی ١٢ سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لە عێراق، رۆژانە پێنج ھەزار داواکاری وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش دەکرێت و لە وەرزی ھاویندا ئەم رێژەیەیە بەرزبووەوە بۆ حەوت ھەزار داواکاری، توانیوومانە بە باشترین کوالێتی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی ھاووڵاتییان بکەین".
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەواناندا لەبارەی بوونی تیرۆریستانی پەکەکە لە ناوچەکە، گوتی: "ھاوشێوەی ئەوەی کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج لە عێراق، رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەش ھاووڵاتییانی سڤیل لە تورکیا دەکاتە ئامانج، بۆیە ئەوانە لەلایەن ئێمەوە دەکرێنە ئامانج و ئەرک و بەرپرسیاریەتی حکوومەتی عێراقیشە کە رێگری بکات لە ھەر جووڵەیەک کە ببێتە ھەڕەشە بۆسەر ھاووڵاتییانی ئێمە لە تورکیا، ئێمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە تیرۆریستانی پەکەکە و درێژکراوەکانی لە ھەر شوێنێک بن بیانکەینە ئامانج".
عەلی رەزا گونەی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و جەختی لەسەر گرنگییدان بە سەقامگیری ناوچەکە کردەوە و گوتی: "پەیوەندی دوولایەنە، سەقامگیریی و خۆشگەزەرانی و ئاسایشی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ئێمە گرنگە".