ھەولێر
ھونەرمەند شڤان پەروەر کە لە سەر داوەتی سەرۆکوەزیران رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی دیاربەکری کردبوو، رووبەرووی رەخنەی ھەر یەک لە پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەھەپە) و پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەھەپە) بوویەوە. شڤان پەروەر بە بڵاوکردنەوەی راگەینراوێک وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە.
شڤان پەروەر لەو راگەیەنراوەدا دەڵێ: رەخنەکردن و بە رۆژەڤکردنی سەردانی من بۆ دیاربەکر دوای ٣٨ ساڵ لەلایەن چەند پارت و لایەنێکی سیاسی تورکیاوە زۆر واتا ھەڵدەگرێ، بۆیە ناچارم وەڵامی ھەڵوێست و رەخنەی ئەو پارتانە بدەمەوە.
پەروەر لە راگەیەنراوەکەی خۆیدا رەخنەی ئاراستەی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا دەوڵەت باخچەلی کردووە و نووسیویەتی "ھێرشکردنە سەر من لەلایەن سەرۆکی مەھەپەوە بە رێبازێکی نەتەوەپەرستانە کە لە دونیادا وەکو تاوانی دژەمرۆڤایەتی ناسراوە، بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێ کاریگەری لە سەر ھەستی مرۆڤدوستی، ئاشتیخوازی من بکا، وادیارە بەھێزبوونی ھەستی برایەتی و ئاشتیخوازی لە تورکیا بووەتە ھۆکاری ترسانی ئەو کەسانەی کە لە بارودۆخی ئاڵۆز، شەڕ و یەکتر کوشتن سوودمەند دەبنن بۆیە ھێرش دەکەنە سەر من."
ھەروەھا دەڵێ: سەرۆکی جەھەپە کەمال کڵێجدارئۆغڵو کە بە رەسەن کوردێکی دەرسیمە، بەھۆی پشتگیریکردنی من لە ئاشتی، گەورەترین تراژیدیای شەڕی ٣٠ ساڵە کە کۆمەڵکۆژیەکەی روبوسکییە کردووەتە ئامراز و لە دژی من بەکاری دەھێنێ و دەیەوێ ئەو کۆمەڵکۆژییە بکاتە ئامرازێک بۆ سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا و ئەو ھەڵوێستە بە ھیچ شێویەک شایەنی سەرۆکی ئۆپۆزسیونی تورکیا نییە. ئەو پارتەی کە کڵێجدارئۆغڵو سەرۆکایەتی دەکا ھەمیشە بە سیاسەتی نکوڵیکردن، سیاسەتی نەتەوەپەرستی دژایەتی ئێمەی کردووە و کڵێجدارئۆغڵویش بە چاوپۆشی کردن لەو سیاسەتانە ھەوڵ بۆ بەکار ھێنانی ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد دەدا، بۆیە من کڵێجدارئۆغڵو رادەستی رای گشتی تورکیا دەکەم.
شڤان پەروەر گوتی "بە شێوەیەکی گشتی من پشتگیری لە ھیچ پارت و لایەنێکی سیاسی ناکەم، بەڵام دەستخۆشی لەو سیاسەتمەدارانە دەکەم کە سینگی خۆیان داوەتە بەر ھەر جۆرە مەترسییەک و بە دڵ و بەگیان سەرقاڵی بەرەو پێشبردنی قۆناغی ئاشتین. دەستخۆشیکردن لەو سیاسەتمەدارانە بۆ من شەرەفە."