Zehra Aydın Turapoğlu
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی ئاک پارتی، عومەر چەلیک، لە بارەی بانگەشەکانی بە ئامانجگرتنی بنکەیەکی تەندروستیی لە شنگال و كوشتنى خەڵکی مەدەنی بەم هۆیەوە، گوتی: "ئەوە دەبینین کە ئەو لایەنانەی کە نیگەرانن لە پێشکەوتنی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگیی نێوان تورکیا وعێراق بە ئاراستەیەکی ئەرێنی، لە پشت ئەو ھەواڵانەدان".
عومەر چەلیک، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاک پارتی کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچوو، لە ناوەندی گشتیی پارتەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد.
- "زۆر بە بەھێزى بەرەنگاری رێکخراوی تیرۆریستی دەبینەوە"
عومەر چەلیک، ئاماژەی بەوە کرد کە رووبەرووی بانگەشەیەکی رەشی ئەوانە بوونەتەوە کە دەیانەوێت بەرەنگاربوونەوەی تورکیا لە دژی تیرۆر بە ئاراستەیەکی دیکەدا ببەن، و گوتی:
"ھەواڵێکی درۆ و بانگەشەیەکی رەش لەسەر کوشتنی کەسی مەدەنی لە ئەنجامی ھێرشێکی ئاسمانی کە گوایە سوپای تورکیا لە ١٧ی ئاب بۆسەر بنکەیەکی تەندروستی لە شنگال ئەنجامیداوە، بڵاوبووەتەوە. ئەوە دەبینین کە ئەو لایەنانەی کە نیگەرانن لە پێشکەوتنی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگیی نێوان تورکیا وعێراق بە ئاراستەیەکی ئەرێنی، لە پشت ئەو ھەواڵانە دان. لە ھەمان کاتدا، لە زووەوە دەزانین کە تاقمە ناوەندێکی نزیک لە رێکخراوی تیرۆریستی ئەم پرۆپاگەندانە بڵاو دەکەنەوە".
جێگری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی ئاک پارتی، عومەر چەلیک، گوتیشی: "سوپای تورکیا، لەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەدا، لە بابەتی زیان نەگەیاندن بە خەڵکی مەدەنیدا، لە سەرووی ھەستیارترین و وریاترین سوپاکانی جیھانەوە دێت، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ئەم ھەستیارییەی بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ یاسا بەڕێوەدەبات. ئەمانە ئۆپەراسیۆنێکن کە تەنھا رێکخراوی تیرۆریستی دەکەنە ئامانج، ھەر بۆیە بە ئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکانی وەکو قوتابخانە، بنکەی تەندروستی یان پەرستگاکان لەلایەن سوپای تورکیاوە جێگەی باس نییە، ھەموو ئەمانە ھەواڵی درۆن. لێرەوە سڵاومان ئاراستەی ئیدارەی عێراق و برا عێراقییەکانمان دەکەین، دەمانەوێت جارێکی دیکە دووپاتی بکەینەوە كە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەكان لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دایە و بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان ئەنجامی دەدەین".
عومەر چەلیک، بۆ دابینکردنی ئاسایشی شنگال، رێککەوتنی واژۆکراوی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ی وەبیرھێنایەوە و گوتی: "بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە ژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکان و لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی ھەرێم واژۆکراوە، دەبێت پەکەکە لە شنگال دەربکرێت. چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە بە زووترین کات ئەم رێککەوتنە بخرێتە بوارى جێبەجێكردنەوە".