Abdullah Shukur
27 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2019
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون لەبارەی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا لە پارێزگای دهۆک باکووری عێراق، رایگەیاند کە ھێرشبەران خۆیان لە نێو خەڵکی سڤیل شاردووەتەوە و ھەوڵیان داوە نێوانی سەربازانی تورکیا و دانیشتوانی ناوچەکە تێکبدەن.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، پرۆفیسۆر دکتۆر فەخرەددین ئاڵتون بۆ ئاژانسی ھەواڵی Bloomberg ھەڵسەنگاندنی لەبارەی ھێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا لە پارێزگای دھۆک باکووری عێراق کرد.
ئاڵتون گوتی: "بەھۆی کارە گێرەشێوێنییەکەی ئەمڕۆ ھیچ زیانێکمان پێنەگەیشتووە، تەنھا زیان بەچەند کەلوپەلێک گەیشتووە".
راشیگەیاند کە سوپای تورکیا بەمەبەستی رێگری لە زیانی گیانی خەڵکی سڤیل لە دەوربەری بنکە سەربازییەکە رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر.
فەخرەددین ئاڵتون گوتیشی: "ئەوەمان دەستنیشانکردووە کە تیرۆریستانی پەکەکە بە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رێگاکانی دیکە چالاکی بڵاوکردنەوەی زانیاری ھەڵەیان لەبارەی ھێرشەکەی ئەمڕۆ بەڕێوە بردووە. داوا لە گشت راگەیاندنکاران دەکەم کە ئاگاداری ئەم کردەوەیەی ئەو رێکخراوە بن. بەبیرمانە کە تیرۆریستانی پەکەکە پێشتر ھەمان تاکتیکیان بەکارھێناوە".
ئاڵتون ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا پێداگرە لەوەی کە درێژە بە ھەماھەنگی خۆی لەگەڵ دانیشتوانی دھۆک بدات و ئەوەی لەدەستی بێت ئەنجامی دەدات بۆ رێگریکردن لە زیانی گیانی خەڵکی سڤیل لە ناوچەکەدا.