Abdullah Shukur
12 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2016
ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە کە بەزووترین کات پرسی تیرۆر لە وڵاتمان نەھێڵێن. بۆ ئەمەش ھەوڵ دەدەین. ھەندێک کەس دەڵێن "دابنیشن و گفتوگۆ بکەن"، ھاوڕێیان گفتوگۆی چی بکەین؟ ئەمانە دەیانەوێت وڵات پارچە بکەن. بەدەر لە یەکپارچەیی کۆماری تورکیا ھیچ شتێکی دیکە نییە باسی لێوە بکەین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە میانی بەشداری کردنی لە چالاکی "بەیەکگەیشتنی ئەندازیاران" لە شاری ئیستانبوڵ گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە لەبارەی شاکاری بیناسازی پرۆژەی گەورەیان دەستپێکردووە.
یڵدرم لەمبارەیەوە گوتی": ئێمە وەک حکوومەت لە ماوەی ١٤ ساڵی رابردوو بەتایبەتی بەرێز سەرکۆمارمان رەجەب تەیب ئەردۆغان، زۆر ھەوڵی جددی دەدەین بۆ ژیاندنەوە و نوێکردنەوەی شاکاری باپیرانمان. بۆ ئەمەش رێککاری تایبەتمان ئەنجامداوە. واتە بەشێکی ئەو باجانەی وەردەگیرێن لەم بوارە خەرج دەکرێن. بەم پێیەش زیاتر لە پێنج ھەزار شاکاری مێژوویمان دووبارە ژیاندەوە و نوێکردەوە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم راشیگەیاند کە لە ماوەی ١٤ ساڵی رابردوودا، چوار ملیار داریان چاندووە. گوتیشی: "رووبەری سەوزایی تورکیا زیادیکرد. زیاتر لە ١،٨ ملیۆن ھێکتار زەوی لە ماوەی ١٤ ساڵی رابردوو ناوچەی سەوزایمان دەستەبەر کردووە".
یڵدرم لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە چەکدارانی پەکەکە ژمارەیەکی زۆری بینا و کۆڵانەکانی ناوچەی باشوور و رۆژھەڵاتی تورکیایان رووخاندووە و شار و شارۆچکەکانیان وێران کردووە.
یڵدرم زیاتر گوتیشی: "بەزووترین کات ئامانجمان ئەوەیە کە پرسی تیرۆر لە وڵاتمان نەھێڵێن. بۆ ئەمەش ھەوڵ دەدەین. ھەندێک کەس دەڵێن "دابنیشن و گفتوگۆ بکەن"، ھاوڕێیان گفتوگۆی چی بکەین؟ ئەمانە دەیانەوێت وڵات پارچە بکەن. جگە لە یەکپارچەیی کۆماری تورکیا ھیچ شتێکی دیکە نییە باسی لێوە بکەین".