Muhammet Ali Kemal
11 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2017
ئەرزینجان
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نومان کورتوڵموش، رایگەیاند: ''بابەتی منبج، یەکێکە لە هێڵە سوورەکانی تورکیا. لەئێستادا ئەمریکییەکان سەریان لێشێواوە، نازانن بە چ شێوەیەک ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن. رووسەکان سەریان لێشێواوە. ئەوان لە لایەکەوە لەگەڵ تورکیادا لە دانوستاندان، لە لایەکی دیکەشەوە سەرگەرمی لێکدانەوەی ئەوەن کە لەناوچەکەدا چ جۆرە هاوسەنگییەک درووست دەبێت. ئێمە بۆچوونەکانمان روونە. مۆدێلی خۆمان بۆ دۆخەکە ئاشکرا کردووە''.
نومان کورتوڵموش لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی شارەوانی ئەرزینجان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی لەحاڵەتی بەرەوڕووبوونەوەی سەربازانی سوپای تورکیا لەگەڵ سەربازانی سوپای ئەمریکادا، هەڵوێستی ئەنقەرە چۆن دەبێت، کورتوڵموش باسی لەوەکرد ئەوان لەپێناو ئەوەی ساتێک زووتر ئاشتی لەسووریا بەرقەرار بێت و گەلی سووریا کە باجی زۆریان داوە، بە ئاشتی بگەن، لەهەوڵدان.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ هەریەک لە ئەمریکا، رووسیا و ئێراندا کۆبوونەوەکانیان درێژەی هەیە و رایگەیاند: ''لەسووریا ئامانجمان ئەوەیە ئاشتییەکی هەمیشەیی دادپەروەرانە بێتە ئاراوە. کاتێک کە ئەمەش دەکەین، هێلە سوورەکانمان بە هەمووان رادەگەیەنین. ئێمە لەبوونی برایانی کوردمان لە باکووری سووریا، قەڵس نین، بەڵکو دژی درووستبوونی دەوڵەتی تیرۆرین لەوێ. ئێمە دژی ئەوەین کە پەیەدە لەوێ حکوومەتی رێکخراوەکەی هەبێت''.
نومان کورتوڵموش جەختی لەوەکردەوە کە منبج ناوچەیەکە لەسەدا سەد عەرەبەکانی تێدا دەژین و ئەوان هەرگیز رێگە نادەن بەوەی پێکهاتەی نەژادیی ناوچەکە بگۆڕدرێت و رایگەیاند: ''بابەتی منبج، یەکێکە لە هێڵە سوورەکانی تورکیا. لەئێستادا ئەمریکییەکان سەریان لێشێواوە، نازانن بە چ شێوەیەک ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن. رووسەکان سەریان لێشێواوە. ئەوان لە لایەکەوە لەگەڵ تورکیادا لە دانوستاندان، لە لایەکی دیکەشەوە سەرگەرمی لێکدانەوەی ئەوەن کە لەناوچەکەدا چ جۆرە هاوسەنگییەک درووست دەبێت. ئێمە بۆچوونەکانمان روونە. مۆدێلی خۆمان بۆ دۆخەکە ئاشکرا کردووە. لەسایەی ئەو مۆدێلەی ئێمەدا پشت بەخوا شارەکانی دیکەش رزگاردەبن''.