Abdullah Shukur
21 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2018
ھاتای - AA
پارێزگاری ھاتای، ئەردال ئاتا رایگەیاند لە ھێرشی پەیەدە/پەکەکە بۆ سەر شارۆچکەی رەیحانلی، ھاووڵاتییەکی سووری گیانی لەدەستداوە و ٤٦ کەس برینداربوون کە ١٦یان ھاووڵاتی سوورین. گوتیشی: "ھەڵسەنگاندنی ئەوە دەکەین کە ئەو ھێرشانە لە عەفرینەوە لە لایەن پەیەدە و پەکەکەوە کرابن. ئێستا سوپای تورکیا بەپێی پێویست بۆردومانی ئەو شوێنانە دەکات کە ھێرشەکەی لێ ئەنجامدراوە".
ئاتا رایگەیاند کە ئەمڕۆ ئێوارە ١١ تەقینەوە لە ئاکامی ئەو مووشەکانەی پەیەدە ئاراستەی شارۆچکەی رەیحانلی کردووە لە شارۆچکەیە روویداوە.
ئاتا راشیگەیاند کە نۆ تەقینەوە لە نێو ناوچە نیشتەجێبووەکان و ٢ تەقینەوەش لە دەرەوەی ئەو ناوچانە روویداوە. گوتیشی: "٤٧ کەس لە تەقینەوەکان برینداربوون. ٣٠ کەس لەوانە تورکن و ١٧کەسیش ھاووڵاتی سوورین. بە داخەوە یەکێک لە بریندارە سوورییەکان گیانی لەدەستدا. ئێستا چوار کەس لە بریندارەکان دۆخی تەندروستیان سەختە. چارەسەریی ٤٢ برینداریش کراوە و ناردراونەتەوە ماڵەوە".
ئاتا باسی لەوەش کرد کە کارەکانی دیاریکردنی زیانەکان بەھۆی تەقینەوەکان لە لایەن تیمەکان فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکان ئەنجام دەدرێت و گوتیشی: "لەم تەقینەوانەدا ١٥ ئۆتۆمبێل، چوار خانوو و ١٠ دوکات زیانیان پێگەیشتووە. لە لایەک چارەسەری بریندارەکان دەکرێت، لە لایەکی دیکەوە بە خێرایی کارەکانی دیاریکردنی ئەو زیانانەی بەر ھاووڵاتیان کەوتووە ئەنجام دەدرێت".
- ھێرشەکان لە لایەن پەیەدە/پەکەکە ئەنجام دراوە
پارێزگاری ھەتای جەختی لەوەش کردەوە کە ھێرشەکان لە عەفرینەوە کراوە و گوتیشی: "ئەو ھێرشانە لە لایەن پەیەدە یان پەکەکە لە عەفرینەوە ھەڵدەسەنگێنین. لە ئێستادا ھێزەکانی سوپا وەک پێویست وەڵامی ھێرشەکان دەداتەوە لەو خاڵانەی لێ ئاراستە کراوە".
ئاتا ئاماژەی بەوەش دا کە لێکۆڵینەوەی تیمەکان لە شوێنی رووداوەکە درێژەی ھەیە و زیاتر گوتیشی: "پێمانوایە رۆکێتە. گومانی بوونی مووشەکی کایتوشا-ش ھەیە. کاری تیمەکان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی لە شوێنی رووداوەکە درێژەی ھەیە".
ھاوکات پارێزگاری ھاتای ئەو ناوچانەی بەسەر کردەوە کە تەقینەوەکانی تیایدا روویدا و پاشان سەردانی بریندارانی کرد لە نەخۆشخانە.