Aynur Ekiz
04 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2018
دیاربەکر - AA
برا گەورەی ساڵح موسلیم-ی یەکێک لە سەرانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەیەدە/پەکەکە، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا موسلیم رایگەیاند "ئەردۆغان مرۆڤێکی موسڵمان و باوەڕدارە. کەسی موسڵمان و باوەڕداریش ئەو بەڵێنە دەباتە سەر کە دەیدات. هەر لەبەر ئەوە، لەم قۆناغەدا پێویستە سەرجەم کوردەکان، پشتیوانیی ئەردۆغان بکەن".
یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانکۆی زەهرا، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا موسلیم ئامادەی ئەو خوانی بەربانگە بوو کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی تیاداکرد و بۆ پیاوماقوڵان لە دیاربەکر سازکرابوو، دواتریش وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
مستەفا موسلیم باسی لەوەکرد کە لەڕێگەی پارێزگاری عەنتاب، عەلی یەرلیکایا-وە بانگێشتکراوە و باسی لە گرنگیی کۆبوونەوە لە خوانی بەربانگدا لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا کرد.
مستەفا موسلیم باوەڕی خۆی لەبارەی ئەوەی کە ئەردۆغان ئەو بەڵێنانەی بە کوردی داوە، دەباتە سەر و گوتی: "چونکە ئەردۆغان مرۆڤێکی موسڵمان و باوەڕدارە. کەسی موسڵمان و باوەڕداریش ئەو بەڵێنە دەباتە سەر کە دەیدات. هەر لەبەر ئەوە، لەم قۆناغەدا پێویستە سەرجەم کوردەکان، پشتیوانیی ئەردۆغان بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد دانیشتوانی عەفرین پێویستیان بەوەیە بەخەبەربێنەوە و گوتی: "خەڵکی عەفرین ماوەی ٥٠ ساڵە بەردەوامن لەسەر هەمان هەڵە. لە سووریا کۆمۆنیزم سەرەتا لە عەفرینەوە سەریهەڵدا. ئەو کاتە کەسایەتیی ئایینیی کە فێری ئایین و ئایینپەروەرییان بکات، نەبوو. ئێستاش وەک زانایانی کورد، داوای مۆڵەت دەکەین بۆ ئەوەی بچینە عەفرین و رێگەی راست نیشانی دانیشتوانەکەی بدەین. ئەگەر مۆڵەتمان بدرێت، دەچین و هەڵەکانیان و رێگە راستەکەیان پێ نیشاندەدەین بۆ ئەوەی بۆ ئیسلام بگەڕێنەوە".