Rewa Mahmut Hasan
08 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2017
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گۆڕانکارییە دەستوورییەش ناتەواوە وەک چاکسازییەکەی ٢٠٠٧ و ھیوای خواست کە ٨٠ ملیۆن ھەموو پێکەوە ھەوڵ بدەن بۆ دەستوورێکی نوێ و گوتی: "گەلەکەمان بەو پشتیوانییەی کە لەو چاکسازییەی کردی لە ساڵی ٢٠٠٧دا یەکەم ھەنگاوی ھەڵنرا، رایگەیاند کە لەم دووڕیانەدا بژاردەی لایەنگریە لە سیستەمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمار. پێویستە وا تەماشای ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییە بکرێت کە مانگی نیسان دەخرێتە بەردەم گەل کە تەواوکاری ئەو ھەنگاوەیە کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر ھەڵنرا. باوەڕم وایە گەلەکەمان کە لەو کاتەدا لەسەدا ٦٩ی بە بەڵێ دەنگی بەو چاکسازییەدا، بەھەمان شێوە دەنگ بەو گۆڕانکارییە دەدات".
دەربارەی دەنگۆی گۆڕینی سیستەمی کۆماری لە تورکیا لەرێی گۆرانکاری دەستووری نوێ کە جەھەپە بانگەشەی بۆ دەکات، ئەردۆغان گوتی: "تورکیا لەساڵی ١٩٢٣ رژێمەکەی کردووەتە کۆماریی و ئەو کات بژاردەی خۆی دیارییکردووە، چیتر گەلەکەمان کێشەیەکی لەوجۆرەی نییە. لەئێستادا ئەو زاتەی سەرۆکایەتی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن دەکات زوو زوو باسی 'رژێم' دەکات، تورکیا کێشەیەکی لەوجۆرەی نییە. بابەتی رژێم لەدوای ئەو ھەنگاوەی کە لەساڵی ١٩٢٣دا نراوە لەسەر رێچکەی خۆی بەردەوامە''.
لەبارەی ئەو گۆرانکارییانەی لەدەستووردا دەکرێت و سوودی بۆ کۆمەڵگە سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان گوتی: "ئیدی لە وڵاتەکەماندا ئەگەری ئەوە نەماوە ھیچ کەسێکی شەڕەنگێز، بەکولتوور، مێژوو و بەھاکانی گەل ببێتە بەڵا بەسەر وڵاتەوە. ئیدی لەم سیستەمەدا ھیچ گرووپێکی نەژادی، گرووپی بیروباوەڕ شێوازی ژیانییان لەژێر ھەڕەشەدا نابێت. لەبەرئەوەی لە سەردەمی نوێدا ئەو دەزگایە یان ئەو دامەزراوەیە نابنە خاوەنی دەوڵەت، بەڵکو گەل بۆ خۆی دەبێتە خاوەنی دەوڵەت. گەل دەگات بەو دەسەڵاتەی کە لە رێگەی پەرلەمان و سەرکۆمارەوە کە راستەوخۆ لەژێر چاودێریدان خاوەندارێتی دیموکراسیی، سەربەخۆیی و داھاتووی دەکات. ئەم سیستەمە بەپەلە نەھێنراوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە چاکسازییەکی درەنگ کەوتووە، ھەمیش زۆر درەنگ کەوتوو".
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەکرێن لەبارەی گۆڕانکاری دەستووریەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەم گۆرانکارییە لەپێناو خۆیدا دەکات، ئەردۆغان گوتی: "ئێمە کارێک دەکەین کە شایستەی ئەم گەلە بێت، ناچارین وا بکەین. ئێستا سیستەمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کەسێتی خۆم نییە، ھیچ پەیوەندی بەمانەوەی خۆم نییە. ھیچ خەم مەخۆن، ھەموو سیستەمێک رابەر و پێشەنگی خۆی بەرھەمدەھێنێت. پشتیوان بەخوا لە تورکیادا تەیب ئەردۆغانەکان تەواونابن. سەرکۆمارێک کە ناچارە دەنگی نیوەی زیاتری گەل بەدەستبھێنێت، ئەگەری نییە بە بەکارھێنانی ئەم سیستەمە لابداتە رێگای ھەڵە".
سەبارەت بەگۆڕانکاری دەستوور و کەمکردنەوەی تەمەنی خۆپاڵاوتن بۆ پەرلەمانتاری بۆ ١٨ ساڵ، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "ھاتوون دەڵێن سەربازیی چی بەسەردێت؟ ئەی خوایە، وەک ئەوەی بڵێی حەوت ملیۆن گەنج لەسەرتاسەری تورکیادا دەبنە پەرلەمانتار، وا دێن ئەو پرسیارە دەکەن. چەند کەس دەچنە پەرلەمان؟ بابڵێن ١٠ بۆ ١٥ لە گەنجان دەچنە پەرلەمان. چاککردنی دۆخی ئەوانەش زۆر ئاسانە. چییە؟ دەبورێن لە سەربازی و تەواو. تەماشاکەن ناڵێم دواخستن، دەبورێن و تەواودەبێت. ئەو کارەمان بۆ پۆلیس کرد، پۆلیسمان بوری. ئایا لە ئێستادا ئەرکێک ھەیە ھێندەی کارکردن گرنگ بێت لە پەرلەماندا؟ ئەو گەنجانەمان دێن لە پەرلەمان خزمەتی نیشتمان و گەلەکەیان دەکەن. ھێشتا دێیت دەپرسیت سەربازیی چی بەسەردێت. ئەوەندە روون و ئاشکرا قسە دەکەم. من باوەڕم وایە کە پاش گشتپرسی یان دەنگدانی خەڵک، حکوومەت بۆ خوای لەو بابەتەدا کاردەکات".